Muhammet Ali Kemal
19 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە/تاشکەنت - AA
- لەئەنجامی هەوڵی چڕی وەزیری دەرەوەی تورکیارێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی، فەتۆی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناساند.
- وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو: ''سوپاسی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی دەکەین کە لەهەستیارییەکانمان تێگەیشتن، هاوسۆزییان بۆ نیشانداین و فەتۆیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناساند''.
لەئەنجامی هەوڵی چڕی وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی لە کۆبوونەوەی 43ەمینی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەیدا، فەتۆی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناساند.
مەولود چاوشئۆغڵو لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لەروونکردنەوەیەکدا لەرێگەی ئەژماری خۆی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رایگەیاند: ''سوپاسی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی دەکەین کە لەهەستیارییەکانمان تێگەیشتن، هاوسۆزییان بۆ نیشانداین و فەتۆیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناساند''.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەکردووە لەئەنجامی هەوڵی دوو رۆژەیان لەتاشکەنتی پایتەختی ئۆزبەکستان، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی فەتۆی وەک ریكخراوێکی تیرۆریستیی ناساندووە و ئەمەش ''رووداوێکی گرنگە''.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوە دیبلۆماتییەکانەوە دەستکەوتوون، کۆبوونەوەی 43ەمینی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی بەدەرکردنی ژمارەیەک بڕیاری ئێجگار گرنگی پەیوەست بە جیهانی ئیسلامیی و تورکیا، کۆتایی هاتووە.
لەکۆبوونەوەکەدا بەتوندیی ئیدانەی هەوڵە خوێناوییەکەی ئەنجامدانی کودەتا لەلایەن فەتۆوە لەتورکیا کرا و پشتیوانیی لەو رێوشوێنانە کرا کەئەنقەرە لەبەرامبەر ئەو رێکخراوەدا گرتوویەتییە بەر. لەکۆبوونەوەی لووتکەی وەزیرانی دەرەوەشدا فەتۆ وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناسێنرا.
لەرێگەی ئەو بڕیارانەی کە لەئەنجوومەنەکە دەرکران، دەستخۆشیی لەکارەکانی پەیوەست بەداڕشتنی یاسای بنەڕەتی 'ناوەندی هەماهەنگیی و پۆلیسی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی' کرا کە بڕیارە لەئیستانبوڵ دابمەزرێت بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر و تاوانی رێکخراو.
بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لەو کۆبوونەوەیە کرا کە بەمەبەستی تەواوکردنی ئەو کارانە لەتورکیا رێکدەخرێت. چاوەڕوانیش دەکرێت یاسای بنەڕەتی 'ناوەندی هەماهەنگیی و پۆلیسی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی' لە کۆبوونەوەی داهاتوودا پەسەندبکرێت.