بەردەوامی شەڕ لە شارۆچکەی رەقای سەربە تەلئەبیاتی سوریا، گوللە تۆێک دیواری ماڵێکی شارۆچکەی ئاکچەکالێی رماند.
سوپای ئازادی سوریا و ھێزەکانی دەوڵەتی عێراق و شام لە دوێنێ دوو شەممەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامن لە شەڕ، بەشێوەیەک دەنگی تەقە لە چەند گوندو شارۆچکەیەکی سنووری تورکیا دەبیسترێ، چونکە ھێزەکانی ھەردوو لا چەکی قورس بەکاردێنن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە، گوللە تۆپێک کەوتە ماڵێک لە شارۆچکەی ئاکچەکالێی سەربە پارێزگای ئورفەو دیواری دەرەوەی رماند.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی ئاسایشی ئاکچەکالێ، ئەو گوللە تۆپە ھیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، ئەوە نەبێ دیواری دەرەوەی داڕماندووە.
ئۆرھان بایساڵ کە دراوسێی ماڵە زیانلێکەوتووەکەیە گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای ئەوەی گوللە تۆپێک بەر دیواری ماڵەکەیان کەوت، شپرزە بوون و زۆر بەخێرایی ئێرەیان جێھێشت. مەترسییەکی زۆر لەسەر ئەو ناوچەیە ھەیەو بەردەوام دەنگی گوللە و تۆپ دەبیستین."
وەیسی ئەرگونی نانەوا کە دانیشتووی ھەمان گەڕەکە گوتی: "بەتایبەتی ئەم دوو رۆژە دەنگی تەقە یەکجار زۆر بووەو کتریگەریی خراپی لەسەر منداڵەکانمان دروستکردووە. ئەوڕۆژە گوللەیەک بەر دارێکی بەرامبەر نانەواکەم کەوت و سوتاندی، تەنیا ٢٥ مەتر لێمانەوە دوور بوو."