سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئەحمەد داود ئۆغڵو رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ كارمەندانی باڵیۆزخانەی توركیا لە موسڵ، كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش"ەوە بە بارمتە گیرابوون رزگار كراون و هێنراونەتەوە بۆ توركیا.
گوتیشی: "كاتەكانی بەرەبەیان پەیوەندیی چڕ لە نێوانماندا هەبوو، سەعات 5ی بەیانیش گەیەندرانە توركیا. بەدرێژایی شەو چاودێری پێشهاتەكانمان دەكرد و كەمێك پیش ئێستاش هەواڵەكەم بە بەڕێز سەركۆمارمان راگەیاند. ئەم رووداوە هەموومانی دڵخۆش كرد."
داود ئۆغڵو، كە بە سەردانێك لە باكوی پایتەختی ئازەربایجان بوو، سەعات 6:10 خولەك بە كاتی توركیا روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و سەرەتاكەی بەمە دەست پی كرد: " گەلی خۆشەویستم، هاوڵاتیانی بەڕیزم بەم كاتە زووەی بەیانی لە حزورتاندا دەمەوێت هەواڵیكی خۆشتان پێ رابگەیەنم، كە ماوەیەكی زۆرە گەلێك چاوەوڕوانی بوو."
داودئۆغڵو ئەوەی وەبیرهێنایەوە، كە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە باڵیۆزی توركیا لە موسڵ و 48 هاوڵاتی وڵاتەكەی لە موسڵ بە بارمتە گیراون و گوتی: "لە ئەنجامی هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر، كە چەندین رۆژ و هەفتەی خایاند، ئەمشەو نزیك بەرەبەیانی هاوڵاتییەكانمان وەرگرتەوە و گێڕاماننەوە بۆ وڵات. ئەو رووداوەی كە ماوەی چەندین هەفتەیە خەوی لەچاو بریوین و نیگەرانی كردبووین، بەڵام شەڕەفیكی گەورەیە بۆمن كە ئێستا ئەم هەواڵە خۆشەتان پی رادەگەیەنم.
داود ئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد، كە بەدرێژایی شەو لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتەكەی لە پەیوەندیدا بووە و كەمێكیش پێش ئێستا هەر 49 بارمتەكەیان بە ساغ و سەلامەتی گەیەندراونەتە توركیا.
گوتیشی: "پێش هەموو شتێك دەمەوێت سوپاسی ئەو خانەوادانەمان بكەم كە لەم قۆناغە سەختەدا بەو دڵە پر ئازارەوە، بەڕێزەوە چاوەڕوانیان كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە سوپاسی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بكەم كە بەرێزەوە مامەلەیان لەگەڵ ئەو بارودۆخە كرد و بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان هەڵگرت و هەڵویستیان نواند. ئەو گەلانەی بەهێزن و خاوەنی كلتوری دێرینن لە كاتە قورسەكاندا بە راوێژكردن تاقیدەكرێنەوە، بە تێپەڕبوونی ئەم ئەزمونانەش بەهێز و كامڵ دەبن. بەدرێژای سەدەكانی رابردوو گەلەكەمان بە زۆر تاقیكردنەوەدا تێپەڕیوە. دوایین تاقیكردنەوەش، كە یەكێك بوو لە گەورەترین ئەزمونەكان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە بوو، كە نوێنەرانی وڵاتەكەمان لە موسڵ تێی كەوتن."
سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە سەرەتای رووداوەكەوە هەوڵیانداوە بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەبێت و گوتی:"24 سەعات چاودێری شوێن و هەلومەرجی ناوچەكەیانمان دەكرد و لەكۆتاییدا بە دڵخۆشی گەیشتین. بەناوی گەلەگەمەوە زۆر سوپاسی راوێژكاری دەزگای هەواڵگری و كارمەندانی دەزگاكە دەكەم، كە هەوڵێكی زۆریان خستەگەڕ و رۆڵێكی گەورەیان هەبوو. كاتەكانی بەرەبەیان پەیوەندیی چڕ لە نێوانماندا هەبوو، سەعات 5ی بەیانی بارمتە ئازاد كراوەكان گەیەندرانە توركیا. بەدرێژایی شەو چاودێری پێشهاتەكانمان دەكرد و كەمێك پیش ئێستا بە بەڕێز سەرۆك كۆمارمان راگەیاند. ئەم رووداوە هەموومانی دڵخۆش كرد."
داود ئۆغڵو گوتیشی: " سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە لەم كارەدا هاوكاربوون ھەروەھا بۆ جارێكی دیكەش هیوای لەش ساغی بۆ خانەوادەی كارەمەندەكانمان دەخوازم. هەروەها سوپاسی ئەو راگەیاندنانەش دەكەم كە بەرپرسیارانە هەڵسوكەوتیان كردووە. پاش تیپەڕبوونی ئەم تاقیكردنەوە قورسە بەسەر گەلەكەماندا، دڵنیام لەوەی هەركاتێك رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی وەها قورس ببینەوە، هەمان هەڵویستمان دەبێت. داواكارم لە خوا هیچ كات ئازاری لەو شیوەیە توشی هیچ خانەوادەیەك نەكات."
داود ئۆغڵو جەختی لەوە كردەوە، كە ئەوەی روویدا لە دۆخێكی سەختدا، تەواوی یەكەكانی دەوڵەت و گەلی یەكخست، كە ئەمەش مایەی شەڕەفە و هیوای خواست ئەم هەواڵە خۆشە ببێتە مایەی خێر.
داود ئۆغڵو ئەوەشی راگەیاندووە كە بەرنامەی سەردانەكەی بۆ باكو لەنیوەیدا دەپچڕێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ توركیا، بەڵام تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكان نوێنەرایەتی دەكات و بەردەوام دەبێت لەسەر بەرنامەی سەردانەكە و گوتی لە ئیستادا بارمتەكانمان هاتوونەتە سنووری وڵات، بەرەو شاری ئورفا دەچن. منیش لێرەوە راستەوخۆ بەرەو ئورفا دەچم. لەوێ چاوم پێیان دەكەوێت.
لە وەڵامی پرسیارێكدا داود ئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد، كە "یەكەكانی دەزگای هەواڵگری خۆیان ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامداوە و هاوڵاتییەكانیان گێڕاوەتەوە بۆ توركیا و گوتی:"ماوەی چەندین رۆژە كارەكان بۆ رزگاری كردنی بارمتەكانمان درێژەی هەیە، لەم دواییانەدا زیاتر چڕكرانەوە. بیرمان لەوە دەكردەوە كە ئایا بۆ ماویەك بەرنامەی سەردانەكەمان بۆ ئازەربایجان بگۆڕین یان نا. بەلام ئەم شەو چاوەڕوانی پێشهاتێكی لەو شێوەیەمان دەكرد. لە سەعات 11:30ی شەوەوە تا ئیستا لێرەوە چاودێری كارەكانم كردووە. لەگەڵ راوێژكاری دەزگای میت دا لە پەیوەندییەدا بووم. نیو سەعات پێش ئێستا لە سنوور پەڕیونەتەوە و هێنراونەتەوە بۆ وڵات. بۆیە بڕیارماندا بە رای گشتی وڵاتەكەمانی رابگەیەنین."