Abdullah Shukur
07 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
تورکیا و ئەمریکا لەبارەی سووریا راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سێیەمی گرووپی کارکردنی تورکیا و ئەمریکا لە ئاستی باڵا لەبارەی سووریا لە شاری ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ھەردوو وڵات لە ئاستی باڵا لەسەر پرسی سووریا کۆبوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوە هاوبەشەکەی ئەمریکا و تورکیادا ھاتووە: "لایەنەکان بەڵێنیان داوە کە تا کۆتایی ئەمساڵ، ھەنگاوی بەرجەستە و خێرا لە نەخشە رێگای منبج بھاوێژن".
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا زیاتر ھاتووە: "لایەنەکان پێداگری خۆیان لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی ھەموو جۆرێکی تیرۆر لە ناوە و دەرەوەی سووریا دووپاتکردووەتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ئەمریکا و تورکیا بەڵێنەکانی خۆیان لەمەڕ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی لە سووریا کردووەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە تورکیا و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر رێکخستنی کۆبوونەوەی گرووپی کارکردنی پەیوەندیدار بە سووریا بە شێوەیەکی چڕ.