دیاربەکر
سەرۆکی گشتی پارتی ئاشتی و دیموکراسی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دیاربەکر رایگەیاند، بۆ ھەلبژاردنی شارەوانی لە مانگی ئاداری ٢٠١٤ ھیچ دیدار و کۆبوونەوەیەکی رەسمی یان ناڕەسمی لە نێوان پارتی گەلانی دیموکرات ھەدەپە و پارتی گەلی کۆمار جەھەپە ئەنجام نەدراوە.
دەمیرتاش لە رێورەسمی سەرخۆشیەکدا لە بەردەم مزگەوت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: وەکو پارتی ئاشتی و دیموکراسی ئیشی ئێمە نییە باسی پەیوەندی و کاروباری پارتی گەلانی دیموکرات ھەدەپە بکەین. ئەوان دەستەی سەرکردایەتی و سەرۆکی گشتیی خۆیان ھەیە. پێمان وایە لە پارێزگە گەورەکاندا ئەگەری سەرکەوتنی ھەدەپە لە ھەلبژاردنی شارەوانی زۆر بەرزە. بۆ ئەو مەبەستەیش دەیانەوێ لە ھەندێ شار و شارۆچکە لەگەڵ پارتی دیکە ھاوپەیمانی بکەن، بەڵام ناتوانین بڵێین ھەدەپە و جەھەپە لە ھەلبژاردندا رێک دەکەون. ئێمەش وەکو ھەموو کەس لە میدیاکانەوە بەدواداچوونی رەوشی ھەدەپە دەکەین. دەبێ سەرکردە و ھاوسەرۆکی ھەدەپە بە شەفافی و ئاشکرا کاری خۆیان بکەن و بەرژەوەندیی گەلی خۆیان لەبەرچاو بگرن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کەی رۆژنامەنووس و شاندی ئەقلمەندان سەردانی ئۆجالان دەکەن لە دورگەی ئیمرالی؟ دەمیرتاش گوتی: ئەگەر ئەم سەردانە لە کاتێکی نزیکدا ئەنجام بدرێ بۆ داھاتووی پرۆسەی ئاشتی زۆر باش دەبێت. پێم وایە لە چەند رۆژ یان ھەفتەی داھاتوو ئەنجام دەدرێت. ئەگەر سەردانی رۆژنامەنووس و شاندی ئەقلمەندان بۆ دوورگەی ئیمرالی ئەنجام بدرێت، کاریگەریەکی زۆر باش و ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێ. ئۆجالان لە رێگەی ئەو شاندەوە راستەوخۆ پەیامی خۆی بۆ رای گشتی بڵاو دەکاتەوە. ئەگەر ئەردۆغان وەکو دیاربەکر لە ئیمرالیش رێگە بە شاندی ئەقلمەند و رۆژنامەنووسان بدات، دەستکەوتنی پرۆسەی ئاشتی زۆر دەبێ.
لە بارەی شەری نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و کۆمەڵی فەتحوڵا گولەنیش دەمیرتاش گوتی: نامانەوێ لە شەری نێوان ئەو دوو لایەنەدا ببینە لایەنگر. ھەردووکیان باسی خوێندن بە پارە دەکەن، بەڵام گەلی تورکیا پێویستی بە خوێندنی بێ پارە ھەیە. قوتابخانەی تایبەت بازرگانی دەکەن.
لەبارەی پێشوازیکردنی بارزانی لەلایەن ھەندێ پەرلەمانتاری بەدەپەوە دەمیرتاش گوتی: ھەندێ کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن پێشوازیکردنی بارزانی لە لایەن چەند پەرلەمەنتارێکمانەوە کێشەی لە نێوانمان دروست کردوە، بەڵام ئەم ھەواڵ و زانیاریانە لە راستیەوە دوورن. وەکو پارت ھیچ بریارێکمان بۆ بەشداریکردنی بەرنامەکان نەبوو بەڵام ھەندێ ھاوەڵمان بە بڕیاری خۆیان بەشدارییان لە بەرنامەی بارزانی و ئەردۆغان کرد. ئەلبەت باشتر بوو پابەندی بریار و رێنمایییەکانی پارتی خۆمان بن، بەڵام ئەم ھەلوێستەیان نابێتە کێشە لەنێو پارتەکەماندا.