ئیستەنبوڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز رایگەیاند: مافی گەلی عێراقە لە داھاتی نەوت و قازانجی ئەو رێککەوتنانە کە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئیمزا دەکرێن سوودمەند بێ، بۆیە ئەگەر بڕیارە تورکیا داھات یا پارەی نەوت لە بانکێکدا بلوک بکا، ئەوا دەبێ کۆپیەیەکی ئەو حسابانە رادەستی حکومەتی مەرکەزی عێراق بکرێ.
یڵدز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری وەزی ئەمریکا ئاشکرایکرد: لە کۆنفرانسی کۆنسەی ئەتلانتیک بە وردی باسی کاریگەریی کلەراسیۆنی ئابووریی لە سەر یەکتر کراوە و گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە دەتوانن لە رووی وزە و تەکنۆلۆژییەوە لەگەڵ ئەمریکا بە ھاوبەشی چەندین پرۆژە جێبەجێ بکەن.
یڵدز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیکردەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی عێراق و زیاترکردنی داھاتی عێراق، دەبێ پرۆژەی جیاجیا پێشکەش بکرێ و ئەو پرۆژانە کە جێبەجێ دەکرێن دەبێ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بن. ھەمووی ئەو پەیمانانە کە لە نێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق و کەرتی تایبەتی ھەر دوولادا ئیمزا کراون گرێدراوی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی عێراقن. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی دەتوانێ لە ھەموو روویەوە ھاوکاریی عێراقی دراوسێی خۆی بکا.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا تورکیا پێشنیاری کردنەوەی حسابێکی ئەمانەتی لە یەکێ لە بانکەکانیدا قبوڵکردووە؟ یڵدز گوتی: "مافی گەلی عێراقە لە داھاتی نەوت و ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ باکووری عێراق ئیمزا دەکرێن، سوودمەند بێ و دەبێ کۆپیەیەکی بەڵگەی ئەو پارانە کە لە بانکەکانی تورکیادا ھەڵدەگیرێن، بدرێتە دەستی حکومەتی عێراق ، چونکە ئێمە وەکو تورکیا نامانەوێ خۆمان بخەینە ناو ئاژاوەیەکی دیکەوە، ئێمە متمانەمان بە یەکێتیی خاکی عێراق ھەیە. لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ھەڵسووکەوت دەکەین و رێز لە دەستووری عێراق دەگرین."
لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، تەنەر یڵدز ئاماژەی بەوەدا بە پشت بەستن بە بڕگە و بڕیارەکانی یاسای تایبەت، چەندین گرێبەستیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئیمزا کردووە، ئەمە تەنیا ھی ئەمڕۆ نییە بەڵکو ٣٩ گەورە کۆمپانیای ١٩ وڵات ئەو جۆرە گرێبەستانەیان ئیمزا کردووە و چوار پێنج ساڵە ئەو کۆمپانیانە کار دەکەن و تورکیا تەنیا نییە.
یڵدززیاتر باسی داھاتی نەوت و گرێبەستەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "گفتوگۆکانی ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق بۆ ھەڵگرتنی داھاتی نەوت و گرێبەستەکانی باکووری عێراق بەردەوامن، چاوپێکەتنم لەگەڵ حوسێن شەھرستانی وەزیری نەوتی عێراق و ئەو چاوپێکەوتنانەی کە دواتر ئەنجام دەدرێن، ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە ئاشکرا دەکەن."
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند: لە میانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە جنێڤ لەگەڵ تەنەر یڵدێزدا کۆبووینەوە، یڵدێز بە سەرکەوتوویی سەرۆکایەتی ئەو کۆنفرانسەی کرد و چەندین بیروڕا و پێشنیاری جیاجیا ئاڵوگۆڕ کران، تورکیاو ئەمریکا خاوەن ھاوپەیمانێتییەکی ھاوبەشن کە ماوەیەکی درێژە بەردەوامە و ئەو ھاوپەیمانێتیە لە بواری وزە و ئاسایشیشدا بەردەوامە.