ئەنقەرە
کەمال کلیچدارئۆغلو سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی كۆماری، كە لە توركیا پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكییە، لەگەڵ شاندێکی پارتەکەی سەردانی ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلانی کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کلیچدارئۆغلو گوتی: "لەبارەی پرسی پۆستی سەرکۆمارەوە، ھەدەپە پێ راگەیاندوون کە ئەوان پاڵێوراوی تایبەتیان دەبێ، بۆیە وەکو جەھەپە ئەوانیش بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا دەتوانن پاڵێوراوێک دەستنیشان بکەن بتوانێ خزمەتی پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و بەرفراوانترکردنی بازنەی دیموکراسی تورکیا بکات."
لای خۆشییەوە ھاوسەرۆکی ھەدەپە ئەرتوغروڵ کورکچو گوتی: "ھەدەپە و بەدەپە بۆ خۆلی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار پاڵێوراوی تایبەتیان دەبێ، بەڵام ئەگەر ھاتوو جەھەپە پاڵێوراوێکی دەستنیشان کرد کە بیرکردنەوەی نزیک لە بیرکردنەوەی ئێمە بێ، ئەوا لە خۆلی دووەمدا بژاردەی زیاترمان دەبێ."
لە بارەی دەستگیرکردنی باڵێۆز و کارمەندانی باڵیۆزخانەی تورکیاش لە لایەن داعشەوە لە موسڵ کڵچدارئۆغڵو گوتی: "بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا دیدارێک ئەنجام بدەین و دوای ئەو دیدارە بیروڕامان لە سەر ئەو پرسە ئاراستەی رای گشتی دەکەین."