Abdullah Shukur
04 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2018
دیاربەکر - AA
لە شارۆچکەی سووری مێژوویی سەر بە پارێزگای دیاربەکر، بەرگدرووێک بە ناوی سادق یورت نیو سەدەیە بەهەمان جۆش و خرۆشی رۆژی یەکەمی کارەکەی بەردەوامە لە پیشەکەی.
سادق یورتی تەمەن ٦٩ ساڵ، لە دوکانەکەی لە کۆڵانە لابەلاکانی شارۆچکەی سوور، لەوتەی ساڵی ١٩٦٩وە بەرگدرووی دەکات و تیادا ٥٥ ساڵە ھەمان ئوتو و ٤٠ ساڵیشە ھەمان ئامێری دروومان بەکاردەھێنێت.
سادق یورت کە سەردەمانێک ٧-٨ کەس لەلای ئەو کاری دەکرد، لە ئێستادا ناتوانێت شاگردێک بۆ کارەکەی بدۆزێتەوە.
سادق یورت لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد کە لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە لەلای کوڕە پورێکی دەستی بە بەرگدرووی کردووە و پاشانیش چووەتە ھەردوو شاری ئیزمیر و ئیستانبوڵ، لە کۆتایشدا لە ساڵی ١٩٦٩ ھاتووەتە دیاربەکر و لەو شوێنەی ئێستایدا درێژەی بە پیشەکەی داوە.
یورت کە لە ساڵی ١٩٦٩وە تاکو ئێستا لە ھەمان دوکان لە ناوەندی شارۆچکەی سوور، کار دەکات رایگەیاند کە جلوبەرگی ئامادەکراو کاریگەری زۆری کردووەتە سەر پیشەی بەرگدرووی.
سادق یورت ئەوەیشی خستەڕوو کە تاکو ئێستا بەردەوامە لە بەکارھێنانی کەلوپەلە کۆنەکانی خۆی و ئەو ئوتویەی کە ئێستا بەکاری دەھێنێت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شاگردی خۆی ئەمەش نزیکەی ٥٥ ساڵە هەمان ئوتو بەکاردەهێنێت، ھاوکات ئێستاش بەردەوامە لە بەکارھێنانی ھەمان ئامێری دروومان کە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بەکاریھێناوە.
ئەو بەرگدرووە دێرینەی شارۆچکەی سوور راشیگەیاند ئەو خاوەنی پێنج منداڵە و تەنھا بە کاری بەرگدرووی بژێوی خانەوادەکەی دابینکردووە و منداڵەکانی گەورە کردووە.
سادق گوتیشی: "ئێستا ناتوانین شاگرد بدۆزینەوە. ئێستا منداڵان دێنە لای من و دەڵێن "مامە یەک لیرەمان پێ بدە" منیش پێیان دەڵێم وەرن لای من کار بکەن ھەفتانە ٢٠-٣٠ لیرەتان پێ بدەم بەڵام ئەم کارە ناکەن. گەنجان لە کافێی ئینتەرنێت کاتی خۆیان بە فێرۆ دەدەن. ئەوە تەنھا نییم کە کەس شاگردیم لەلا ناکات، بەڵکو زۆربەی پیشەوەران ھەمان کێشەیان ھەیە. لە ساڵانی رابردوو ٧ تا ٨ شاگرد لای من کاری دەکرد".
سادق یورت ئاماژەی بەوەشدا کە لەوەتەی ساڵی ١٩٦٩وە خوازیاری تایبەتی خۆی ھەیە، گوتیشی: "سێ خوازیار لە ساڵی ١٩٦٩وە تا ئێستا سەردانم دەکەن و جلوبەرگیان بۆ دەدوورم. تا ھێزم تیادا مابێت بەردەوام دەبم لە پیشەکەم".