18 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2022
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکانی ئاسایش و جەندرمەدا، دوو تیرۆریستی پەکەکە لە دیاربەکر لە چالاکی خران کە لە ئامادەکاریدابوون بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری لەوەی دوو ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز بە ناوەکانی نەجاتی ئوتکو کیراز کە ناوی نهێنی "ئازاد کەنداڵ" و یەکێکی دیکە کە ناوی نهێنی "مەزڵوم"ە لە گوندەواری لیجە/داراڵان بە نیازی ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستین، تیمەکانی فەرماندەیی گشتیی جەندرمەی دیاربەکر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی دیاربەکر لە میانی ئۆپەراسیۆنی ئەرەن گەمارۆ-٢١دا تیرۆریستێکیان لە گوندی داراڵان لە چالاکی خست و تیرۆریستەکەی دیکەیش کە هەوڵی هەڵاتنی دەدا بە فڕۆکە لە چالاکی خرا.
تیرۆریست نەجاتی ئوتکو کیراز لە لیستی سووری داواکراوانی ئینتەرپولدایە و دەرکەوتووە لەنێو بەناو هێزە تایبەتییەکانی پەکەکەدا چالاکی ئەنجام داوە.
دەرکەوتووە ئەو تیرۆریستە یەکێک بووە لە پلاندانەرانی هێرشە تیرۆریستییەکە بۆسەر پارکی گوڤەن لە ئەنقەرە لە ٢٠١٦ و تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراو لە کاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێکی فەرمانگەی کارەبای فورات ئاکسا لە بینگۆل کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر لەمبارەیەوە رایگەیاند کە نەجاتی ئوتکو کیراز ناوی لە لیستی پرتەقاڵی داواکراواندایە و دەمێکە بەدوایدا دەگەڕێن، دەستخۆشیشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ لە چالاکی خستنی ئەو تیرۆریستە.