باتمان
پارێزگاری باتمان (یلماز ئارسڵان) لە شارۆچکەی (ساسۆن) ئێوارەخوانێکی ئاشتبوونەوەی بە بەشداری (١٠٠٠) کەس لە ھەردوو بنەماڵە ناکۆکەکان رێکخست.
ئارسڵان بە ئەندامانی ھەردوو بنەماڵەی گوت " کۆکبوونی ھەردوو بنەماڵە لەسەر بنەبڕکردنی ٢٠ ساڵ دوژمنکاری نێوانیان جێی خۆشحاڵییە".
ئارسڵان گوتی "تورکیا بەشێوەیەکی بەگشتی پێویستی بە ئاشتی و پێکەوەژیان ھەیە، بەچاوی خۆمان بینیمان ئیرادەی سیاسیی وڵات دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و پێکدادان، ئاشتیی ھەڵبژارد و دەخوازێ کێشەکان لەڕێی ئاشتییەوە چارەسەربکرێن. ھەموومان گەواھیدەری ئەو کەش و ھەوایەین کە (٧-٨) مانگە ئارامیی بۆ ھێناوین. کەوایە با ھەموومان پێکەوە شارو شارۆچکە و ماڵەکانمان پڕ لە ئاشتی و ئارامی بکەین و لەگەڵ دوژمنانمان ئاشتبینەوە. ئێمە بەھەموو شێوەیەک بۆ ئاشتبوونەوە و بنەبڕکردنی دوژمنکاری ئامادەین".
پەرلەمانتاری پێشووی (ئاک پارتی) لە دیاربەکر (ئیحسان ئارسڵان) کە ھەوڵآ زۆری بۆ ئاشتبوونەوەی ئەو دوو بنەماڵەیە دا و لە رێورەسمەکەدا ئامادەبوو، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و گوتی "سوپاس بۆ خوا، ئەوە کۆتایی بە (٢٠) ساڵ لە دوژمنکاری ھات. کەمترین ئاشتی لە زۆرترین شەڕو پێکدادان باشترە. ئەوە لەبیرمەکەن کە ئازاری زۆرتان کێشاوە و مەینەتی و خوێن و فرمێسکی زۆرتان بینی. با لەمەودوا رۆڵەکانتان بە ئارامی بژین. گوێ مەدەنە قسەری فیتنەکاران چونکە کێشەکان بە کوشتن و خوێنڕشتن چارەسەر ناکرێن".