دیاربەكر
سەرۆكوەزیرانی توركیا و سەرۆكی گشتی ئاك پارتی ئەحمەد داودئۆغڵو كە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی جەماوەری ئەمڕۆی ئاك پارتی لە دیاربەكر سەردانی ئەو شارەی كردووە، نوێژی بەیانی لە مزگەوتی ئولو خواند كرد و دوای نوێژ لەگەڵ خەڵك دەستی بە چای خواردنەوە و قسە كردن كرد و دواتر سەردانی بەرهەمەكانی نووسراوی نێو باخچەی مەزگەوتەكەیشی كرد.
داودئۆغڵو دواتر بە رۆژنامەنووسانی گوت: "لە هەر سەردانێكمدا بۆ دیاربەكر سەردانی مزگەوتی ئولومم كردووە چونكە كەشوهەوایەكی هەیە كە پێشتریش كاریگەری لەسەر من هەبووە".
داودئۆغڵو گوتی: "مزگەوتی ئولو لە لایەكەوە قودس و لە لایەكی دیكەیشەوە دیمەشق وەبیری من دەهێنێتەوە، بەرەبەیانییان بیستنی دەنگی ئەو باڵندانە ئارامیم پێ دەبەخشێت، لە سەردانەكانی پێشووتریش تا پێم كرابێت نوێژی بەیانیانم هەر لەم مزگەوتەدا كردووە و ئەگەر پێم نەكرابێت ئەوا چوومەتە مزگەوتی حەزرەتی سلێمان".
داودئۆغڵو گوتیشی: "دیاربەكر یەكێكە لە شارەكانی مێژوویی بۆیە بۆ هەڵمژینی هەواكەی پێویستە كاتی نێوان شەو و بەرەبەیانییان لێرە بین، زۆر ئارامبەخشە و هانی بیركردنەوە دەدات".
داودئۆغڵو دواتر لەگەڵ ئەو خەڵكەی كە لەبەردەرگای مزگەوتەكەدا بوو كۆبووەوە و خەڵك جەختی لەوە كردەوە كە داوای ئارامی و تەبایی دەكەن و داودئۆغڵویش گوتی: "ئەو قسانە بەو كەسانەش بڵێن كە دێنە ئێرە و باس لە چەك دەكەن با ئەوانیش ببیستن".
دواتر لەسەر داوەتی چایجییەك داودئۆغڵو چووە چایخانەیەك و لەگەڵ خەڵكدا چای خواردەوە.