ئەنقەرە
دادگای دەستووری توركیا ئاشكرایكرد ماوەی یاسایی بەندكردنی دوو پەرلەمانتاری بەدەپە گولسەرەن یڵدرێم و ئیبراھیم ئایھان كە لە چوارچێوەی دۆزی كەجەكەدا بەند كراون، تێپەڕیوە. لەو چوارچێوەیەدا سكاڵای ئەو دوو پەرلەمانتارە لە بارەی پێشێلكردنی مافی ھەڵبژاردن و كاندیدكرن لە لایەن دادگاوە قەبووڵ كراوە.
ئەو پێنج پەرلەمانتارە گیراوە كە چواریان سەر بە بەدەپەن و یەكیان سەربەخۆیە، لە رێگای پارێزەرەكانی خۆیانەوە لە دادگای دەستووری سكاڵایان تۆمار كرد.
پارێزەرانی پەرلەمانتارە گیراوەكانی بەدەپە لە بارەی ئەو دۆزەوە كە لە دادگای باڵای ژمارە پێنج و شەشی دیاربەكر لە چوارچێوەی دۆزی كەجەكەدا بەڕێوەچووە، لە دادگای دەستووری توركیا سكاڵایان لەبارەی پێشێلكردنی مافی ھەڵبژاردن و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بەندكردنی پەرلەمانتارەكان تۆمار كرد.
دوای ھەڵسەنگاندنی ئەو سكاڵایە دادگای دەستووری لە بارەی بابەتی یەكەمەوە بڕیاری خۆی ئاشكرا كرد. لەو چوارچێوەیەدا دادگای دەستووری رایگەیاند سكاڵای ھەردوو پەرلەمانتاری بەدەپە گولسەرەن یڵدرێم و ئیبراھیم ئایھان گەیشتووەتە بەردەست دادگا، بەڵام سكاڵای تایبەتی سێ پەرلەمانتاری دیكە ھێشتا نەگەیشتووە دەستیان.
دادگا سكاڵای پارێزەرەكانی ئەو دوو پەرلەمانتارە لە سەر دادگایی كردنی نادادپەروەرانە رەتكردەوە، بەڵام لە بارەی تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بەندكردن و پێشێلكردنی مافی ھەڵبژاردن و خۆكاندیدكرن، دادگا سكاڵاكەی قەبووڵكرد و ئاشكرایكرد ماوەی بەندكردنی ئەو دوو پەرلەمانتارە بە شێوەیەكی یاسایی تێپەڕیوە و مافی ھەڵبژاردن وخۆكاندیدكردنیشیان پێشێلكراوە.
دادگا لە بڕیاری خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بە پێی یاسا ماوەی یاسایی بەندكردنی ئەو دوو پەرلەمانتارە لە ئاستی یاسایی خۆی تێپەڕیوە كە ئەمە پێشێلكردنی مافە و ھەروەھا بە پێی بەندی ٧ی مادەی ١٩ی دەستووری بنەڕەتی توركیا مافی ھەڵبژاردن و خۆپاڵاوتنیان پێشێلكراوە.
دادگای دەستووری بە كۆی دەنگ ئەو دوو خاڵەی لە سكاڵانامەكەدا قەبووڵكردووە و بۆ بڵاوكردنەوەی روانەی رۆژنامەی رەسمی كردووە.