ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو، لەسەر ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر باسی لە سەردانە چوار رۆژییەکەی خۆی بۆ وڵاتانی قەتەر، بەحرێن، ئێران کردووە و نووسیویەتی: لە ھەرسێ وڵاتدا دیدارەکان بە باشی بەڕێوەچوون.
داودئۆغڵو ھەروەھا نووسیویەتی: لە دیدارەکانی وڵاتی بەحرێن تاوتوێی ھەماھەنگیی کار کرا، لە ئێرانیش بەشدارییمان لە کۆبوونەوەی رێکخراوی ھاریکاریی ئابووریی ئاسیا کردو ئاڵوگۆڕی بیروڕاکانمان لەوپەڕی باشیدا بوون. ھەروەھا بۆ یەکەمجار قوبرس وەک چاودێر بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
لەبارەی سەردانی سەرکۆماری ئێران بۆ تورکیا داودئۆغڵو ئاشکرایکرد: لە دوایین رۆژی سەردانەکەیدا لە لایەن سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانییەوە پێشوازیی لێکراوەو لەمیانی کۆبوونەوەکەیاندا پەیامی بەڕێزان سەرکۆمار و سەرۆکوەزیرانم گەیاندە بەرێز رۆحانی. ھەروەھا پێی گوتووە لەناوەڕاستی مانگی داھاتوو چاوەڕێی رۆحانی دەکەن تا سەردانی تورکیا بکا.
داودئۆغڵو لە ئەکاونتە ئینگلیزییەکەیدا بڵاویکردۆتەوە " بۆیە سەردانی رۆحانیمان خستە رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم، چونکە شەوی عەرووزە، چاوەڕێی دەکەین تا تەشریف بێنێتە وڵاتەکەمان و بەیەکەوە ئەو یادە پیرۆز بکەین".
شەوی عەرووز دەکەوێتە ١٧ی کانوونی یەکەم، یادی کۆچی دوایی مەولانا جەلالەدینی رۆمییە و ناوی "عەرووز" دەربڕینێکە بۆ بەرزبوونەوەی رۆحی مەولانا. ساڵانە یادی عەرووز دەکرێتەوەو زیکرەسەما ئەنجام دەدرێ. لەبەر ئەوەی مەولانا جەلالەدین رۆمی لە شاری کۆنیا ژیاوە، یادەکە تایبەتە بەو شارەو لەوێ پیرۆز دەکرێ.