ئەنقەرە
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەمیل چیچەک لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ میدیاکاران وەڵامی چەندین پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و لە بارەی دەوڵەتی شانبەشانی دەوڵەت (ھاوتەرتیب) گوتی: لە تورکیا تەنیا یەک دەوڵەت ھەیە، دەوڵەت یەکە نابێ بە دوو و دەوڵەت یاسا و ریسای تایبەتی خۆی ھەیە.
لە بارەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە سەر دۆزی کوودەتای باڵیۆز و ئەرگەنەکۆن جەمیل چیچەک گوتی: ھێشتا بەشێک لە سکاڵاکان بەردەوامن، لە بارەی ئەو سکاڵایانەوە کە یەکەڵایی نەکراونەتەوە لە رابردوودا کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە دامەزراوە، ئایا سوودی ھەبوو یا نا ئەوا دەبێ لە سەری گفتوگۆ بکرێ. ئەگەر بێتۆ سیاسەتمەدارێک شتێک بەر لەوەی لە من بپرسێ لە یاسا بیپرسێ زۆر باشتر دەبێ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لە تورکیا دەوڵەتی شانبەشان ھەیە یا نا؟ چیچەک گوتی: لە تورکیا تەنیا یەک دەوڵەت ھەیە، ناکرێ دەوڵەتێکی دیکە ھەبێ، یەک دەوڵەت ھەیە و خاوەن یاسا و ریسای تایبەتی خۆیەتی، کارمەندانی دەوڵەت ھەموویان کارمەندی رای گشتین رەنگە لە رووی بیرکردنەوە بیرکردنەوەیان جیاواز بێ یا رەنگە ئەندامی رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بن، ئەمانە ئەو شتانەن کە لە دیموکراسییدا بوونیان ئاساییە. کێ لەگەڵ دەوڵەتدا کار دەکا مانای ئەوەیە لەگەڵ دەوڵەتدا پەیمان ئیمزا دەکا بۆیە نابێ ئەو پەیمانە یا ئەو گرێبەستە پێشێل بکا. بەو ماناییە کە کارمەند دەبێ بە پێی یاسا و ریساکانی دەوڵەت لە بەرامبەر ئەو مووچەیەدا کە وەری دەگرێ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکا، ئەمە یاسای تایبەتی دەوڵەتە بۆ ھەمووی کارمەندانی خۆی. دادوەر و داواکارەکانیش ھەر بەوجۆرە دەبێ بە پێ یاسا و ریسای تایبەت ھەڵسووکەوت بکەن، کاربەدەستان و ئەندامانی سوپایش ھەر بەو جۆرە.
لە بارەی کۆمیسیۆنی ئامادە کردنی دەستووری نوێ بۆ تورکیا چیچەک ئاماژەی بەوە کرد بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو ئەو کۆمیسیۆنە کاری کرد، دەمانەویست دوای ئەو ھەموو ھەوڵ و ماندووبوونە ئەنجامێکی باشمان بەدەست ھێنابا بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی ئەنجامی چاوەڕوانکراو بەدەستەوە بھێنین، بێگۆمان ئەو قۆناغە ھەمووی بە با نەچووە.
لەو چوار پارتە کە لە دەرەوە شەڕی یەکتر دەکەن نزیکەی ٢٥ مانگ بەبێ وچان پێکەوە کاریان کرد، تۆمارەکان شاھێدی ئەو راستییەن، توانیومان لەو ماوەیەدا ٦٠ مادە لە دەستووری نوێ ئامادە بکەین. بە ھۆی جیاوازی لە بیرکردنەوە و ناکۆکییەکانی نێو لایەنەکان دوای ماوەیەک لە جیاتی ئەوەی گفتوگۆ لە سەر مادەکانی دەستوور بکرێ گفتوگۆ لە سەر بەجێھێشتن یا بەجێ نەھێشتنی مێزی دانووستانەکان کرا، بەو جۆرە نەتوانرا دەستووری نوێ ئامادە بکرێ.