ئەنقەرە
دوو رۆژ بەر لەھاتنی جەژنی قوربان، سەرۆکی شارەوانیی فەتحیە لەناوچەکەی خۆیان جەژنە پیرۆزەی نووسیبوو بەھەر دوو زمانی کوردی و تورکی، تێیدا وەکو گاڵتەکردن زمانی کوردی بەکار ھێنابوو، لەبەر ئەوە سەرۆکی مەھەپەو کاربەدەستانی دیکەی ئەو حیزبە ناڕەزاییان دەر بڕی.
عەدنان فاتیح ئۆزدەمیر، سەرۆکی دەزگای دیسپلینی سەر بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست MHP رایگەیاند: تاوەکو لێکۆڵینەوە تەواو دەبێ لەپرسی نووسینی لافیتەی بەزمانی کوردی، بەھجەت ساتاچ سەرۆکی شارەوانیی فەتحیە ئەندامێتی لەحیزبدا لێ سەنراوەتەوە.
ئۆزدەمیر، لە لێدوانێکی چاپەمەنیی دا بەبیریھێنایەوە ساتاچ لەڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم لافیتەی پیرۆزبایی بەزمانی کوردی و تورکی نووسیبوو. مەھەپە لایوایە ئەو کارەی ساتاچ مەترسیدارە بۆ سەر مادەی ژمارە ٨١ لە یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا ئەو یاسایە رێگە نادات بێجگە لەزمانی تورکی ھیچ زمانێکی دیکە بەکار بێنن بۆیە مەھەپە بەگوێرەی مادەی ٨١ و ھەروەھا بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، ناچارە رێوشوێنی تایبەت بگرێتەبەر لەدژی ساتاچ.
بەشێک لەئەندامانی مەھەپە داوا دەکەن ساتاچ بەتەواوی ئەندامێتی لێ بسەنرێتەوە بۆیە داوایەک ئاراستەی دەزگای دیسپلینی حیزبەکە کراوە.