سیواس
جەمیل چیچەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی "ئێستا لە هەرێمەکەماندا نادیارییەکی یەکجار زۆر هەیە. لە نێو ئەم نادیارییەدا پێویستە ئێمە ناوماڵی خۆمان رێک بخەین. ناچارین ئەو خاڵانەی کە لە دیموکراسیەتی ئێمەدا رێگن، راست بکەینەوە و ئابورییمان بەهێزبکەین".
چیچەک، لە ڕێوڕەسمی ٩٤ەمین ساڵیای کۆنگرەی سیواس، کە لە بەردەم مۆزەخانەی کۆنگرەی ئەتاتورک و نەژادناسی بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، تورکیا کەوتووەتە ناوەڕاستی بازنەیەکی ئاگرین لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا".
چیچەک، ئاماژەی دا کە چۆنییەتی دەرچوون لەو خاڵەی پێیگەیشتووین لە ناوچەیەکی پڕکێشەی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشانەی پرسیارە و گوتی " هەنگاونان بەرەو دیموکراسییەت زۆر بەئازارە. بەهاری عەرەبی هەر لە زووەوە بووە بە زستانی عەرەبی. بەعسچێتی عەرەبی و دیکتاتۆرییەت، رێگە بەبەروپێشچونی دیموکراسییەت نادەن. رۆژانە کەسانی بێ تاوان گیان لەدەست دەدەن، هەزاران منداڵ و ژن و گەنج بەچەکی کیمیایی دەکوژرێن".
چیچەک، هێمای بۆ ئەوە کرد کە خواستی سەرەکییان، ساقامگیربوونی ئارامییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە دا و گوتیشی "ئێستا لە هەرێمەکەماندا نادیارییەکی یەکجار زۆر هەیە. لە نێو ئەم نادیارییەدا پێویستە ئێمە ناوماڵی خۆمان رێک بخەین. ناچارین ئەو خاڵانەی کە لە دیموکراسیەتی ئێمەدا رێگن، راست بکەینەوە و ئابورییمان بەهێزبکەین. دەبێ لەبیرمان نەچێت کە لەم جوگرافیایەدا ئەوانەی بەهێزن چانسی مانەوەیان هەیە".
عەرەبێسک و دیموکراسییەتی بوخچە پیناوییەکە""
جەمیل چیچەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی کردەوە، پرەنسیپی دیموکراسییەت و باڵادەستی میللی وەک تێکەڵەیەکی بەهێزی بناغەی وڵاتەن و بەم شێوەیە بەردەوام بوو "هەر چەندە ماوە بە ماوە ڕووبەڕووی کێشەش ببینەوە و کەموکوڕیشمان هەبێت، گەلەکەمان هەرگیز دەستبەرداری داواکاریی دیموکراسییەت و تێکۆشان نەبووە. لە پێناوی دیموکراسییەت شەهیدی داوە. بە تێپەڕکرنی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر و رۆژانێکی سەخت گەیشتوینەتە ئەمڕۆ. لە ئەنجامدا هەرچەندە لە سیستەمی سیاسیماندا کەموکوڕیش هەبێت، بەڵام گەیشتوونەتە خاڵێکی گرینگ. ئەمڕۆ رۆژی نەهێشتنی کەموکوڕییەکانمانە. بوون بە خاوەنی دیموکراسی، بەدەرککردن بە جیاوازییەکانی ژیانکردن لە کەشێکی ئازاد دا، رۆژی زیاتر بەخاوەن دەرکەوتنە لە سەربەخۆیی، دیموکراسی و کۆمار. پێشخستنی دیموکراسییەت و گۆڕینی بۆ پێکهاتەیەک کە بەباشی بەڕێوە دەچێت، چارەسەر، گەشە و بوژانەوە دەخوڵقێنێ، بەدەست خۆمانە. ئەمە پەیوەستە بە تواناکاری و هزر و لێهاتوویی خۆمان. یان ئەوەتا دیموکراسییەتێکی پێشکەوتوو بنیاد دەنێین، یان عەرەبێسک و بوخچەیەکی پینەکراو. بەردەوام دەبین لە بەرێوەبردنی دیموکراسییەتێک بەگوێرەی خۆمان. یان پێکهاتەیەکی ئازاد بنیاد دەنێین کە مافە سەرەتاییەکان گەرەنتی دەکات و بەشداربوون زیاد دەکات، یان بەردەوام دەبین لە ژایان لە نێو دیوارەکانی ترس دا. لەم ماوەیەشدا وزەی خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکتر بەفیڕۆ دەدەین و بەمەش چارەسەرکردنی کێشەکانمان دوادەخەین، وەیان بە دەرککردن بەو بەرپرسیارێتییەی کە مێژوو خستویەتە سەر شانمان تورکیایەکی بەهێز، دیموکراسییەت و کۆمارێک کە رەگ و ریشەی بەهێزتر لە خاکدا چەسپاوە بۆ نەوەکانمان بەجێدەهێڵین. دەبێ بزانین کە بەم شێوەیەی ئێستا تورکیا ناتوانێ رکابەری لەگەڵ جیهانی مۆدێرن دا بکات".
چیچەک ئاماژەی دا، دڵنیام لەوی گەل داوای دیموکراسییەتێکی پێشکەوتوو دەکات و کەس ناتوانێ ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخات.
هەروەها گوتی، لە دیموکراسییەتدا پێویستە کەموکوڕییەکان پێکەوە راست بکرێنەوە و هەموو کەسێک هۆشیار بێت و بەهەستی بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت بکات.
"بەرزکردنەوەی پاڵەپەستۆی سیاسی سوود بەکەس ناگەیەنێ"
چیچەک ئاماژەی دا، بەشداربوون لە سیستەمی دیموکراسی، دەرفەت بە دروستبوونی هاوپەیمانی و رێککەوتن و دیالۆگ دەدات و گوتی "گەلەکەمان دەڵێت، لە زەمینێکی دیموکرات و رەوادا کۆببنەوە و کێشەکانتان چارەسەر بکەن. ئەگەر کێشە لە دەستوردایە، ئەوا دەستورەکەتان، لە یاسادایە، یاساکەتان سەرلەنوێ دابرێژنەوە. ئەوەی ڕاستە ئەمەیە، پێویستە هەموومان پێکەوە گوێ بدەینە ئەم دەنگە. ئاشکرایە لە بری ئەمە، گرژی و بەرزکردنەوەی پاڵەپەستۆی سیاسی سوود بەکەس ناگەیەنێ. ئەوەی زەرەرمەند بێت نیشتمان و برایەیەتیمانە. لە پاش ئەزموونێکی زۆر لە دیموکراسییەت، پێویستە بەشێوەیەکی بەرپرسیار و ئاقڵانە هەڵسوکەوت بکەین. بەرزکردنەوەی پاڵەپەستۆی سیاسی قوڵکردنەوەی کێشەکان و هاندان بۆ رق و کینە و دوژمنایەتی سوودی بۆ کەس نییە. لەم وڵاتەدا بەچاوی خۆمان شەڕی ڕاستڕەو چەپڕەو، گرژی نێوان عەلەوی و سوننە، دوبەرەکی خستنە نێوان تورک – کوردمان بینی و بەهۆیەوە باجێکی قورسمان دا. ئەزمونێکی پڕ لە ئازارمان هەیە. لە ئێستا بەدواوە نامانەوێ دوبارە ببێتەوە. نامانەوێت برا دەست بنێنە بینەقاقای یەکتر، نامانەوێ شەڕێ یەکتر بکەن. بەوهۆیەوە زۆر فرمێسکمان رشت و ئازارمان چێشت. هەر بۆیە وەرن باپێکەوە وانە لە رابردوو وەربگرین و لە رۆژی ٤ی ئەیلول دا بەرپرسیارێتییەکانمان وەبیر بهێنینەوە".
دوای وتارەکە چیچەک، دەفتەری تایبەتی مۆزەخانەکەی ئیمزا کرد و ئەو وەرزشوانانەی خەڵات کرد کە لە راکردنی ١٠ کیلۆمەتر دا سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو.
چیچەک دوای ئەوەی گەشتێکی بەناو مۆزەخانەی کۆنگرەی ئەتاتورک و نەژادناسی کرد کە نوژەن دەکرێتەوە و لەبارەی کارەکانیانەوە زانیاری وەرگرت، بەیاوەری عیسمەت یڵماز وەزیری بەرگری نیشتمانی لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا ستاندەکانی شارۆکەکەی بەسەر کردەوە.
"کێشە لەنێوان خەڵکدا نییە، کێشە لە سیاسەتوان و رۆشنبیراندایە"
چیچەک و عیسمەت یڵماز وەزیری بەرگری نیشتمانی دواتر بەشداری پەخشێکی راستەوخۆی هاوبەشی ئەو کاناڵانە بوون کە لە سیواس وەشانیان دەکرد.
جەمیل چیچەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری سازان لەبارەی باڵاپۆشی و چارەسەر ئاماژەی دا، چارەسەر ئەوەیە باڵاپۆش و کەسانی دیکە لە شەقامەکاندا بەتەنیشت یەکەوە رێ بکەن.
چیچەک لە بەردەوامی ئاخاوتنەکەیدا گوتی "کێشە لەنێوان خەڵکدا نییە، کێشە لە مێشکی سیاسەتوان و رۆشنبیراندایە. لە کوچە و کۆڵانەکاندا کێشە لە نێوان هاونیشتمانیاندا نییە. ئێمە بەبەڕێوەبردنی سیاسەت لەسەر ئەم خاڵانە رووداوێکی ئاساییمان کردە زامێک کە چارەسەری نەبێت و لەسەر ئەمەش بەردەوامین. ئەمڕۆ کۆمەڵگا زۆر لە پێشترە لە سیاسەتوان و رۆشنبیران و لای خەڵک لێبووردەیی زیاترە. ئێمە ناتوانین هەموو شتێک بە یاسا چارەسەر بکەین و ناتوانین بەردەوام یاسا دارێژین. لێبووردەیی و لەیەکگەیشتن گەورەترین یاسایە. با بڕوانینیە ناو هزری خۆمان، پێویست ناکات لە دەرەوەی بڕوانین. کۆمەڵگا ئەم کێشەیەی چارەسەر کردووە، پێویستە سیاسەتوانەکانیش لەسەر ئەمە سیاسەت نەکەن و نەیکەن بە کێشە".
چیچەک، لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دەستوری نوێ گوتی "پێویستە لەم خولەدا دەستوری نوێ بخرێتە بەر دەستی میللەت. ئەگەر نا ئەوا بەرپرسیار دەبین. سازی سیاسەت متمانە لەدەست دەدات. با نەکەوینە دۆخێکی بەمجۆرە".
"بەم دەستورەی ئێستا رکابەرایەتی دنیای دەرەوە ناکرێ"
چیچەک ئاماژەی دا، پێویستە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، یاسای پارتە سیاسییەکان و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و گوتی "تا ئەم یاسایانە هەموار نەکرێن، ئەوا بەئۆتۆمۆبیلێکی کێشەدار رێ دەکەین، ئەمەش کێشيمان بۆ دروست دەکات. بەم دەستورەی ئێستا تورکیا ناتوانێ رکابەرایەتی دنیای دەرەوە بکات. چونکە رۆژانە کێشەی دەستوری سەرهەڵدەدەن و ئێمەش بەردەوام باس لەو کێشانە دەکەین. ئەمە قەرزی ئێمەیە و دەیگەڕێنینەوە بۆ گەلەکەمان. بەبۆچونی من کۆسپێکی جدی لەبەردەم دانانی دەستورێکی نوێدا نییە".
news_share_descriptionsubscription_contact

