ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی- بەدەپە (مەراڵ دانیش بەشتاش) بانگەوازیکرد لە پەرلەمانتارانی کورد لەفراکسیۆنەکانی جەھەپە و ئاکەپە تا لەسەر زمانی زگماکی خۆیان ھەڵوێستیان ھەبێ لەدەستووری تازەی تورکیا و بەرامبەر سیاسەتی نکۆڵیکردنی حیزبەکانیان لە زمان و ناسنامەی کورد بێ دەنگ نەبن.
مەراڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش دا لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکەی لە (کۆمیتەی ئامادەکاریی دەستووری نوی) رایگەیاند: پرسی ھەرە گرنگی ئەم رۆژانەی تورکیا پرۆسەی ئامادەکردنی دەستووری تازەیە، کەچی کاروباری کۆمیتە بە خراپی بەرێوە دەچێ، ھۆکەیشی لەیەک نەگەیشتنی ئەندامانی کۆمیتە لە سەر چارەسەرکردنی پرسی کورد و یاسای ھاووڵاتی.
جێگری سەرۆکی بەدەپە گوتی" ئێمە وەکو بەدەپە ئامادەی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەکە دەبین چونکە نە تەنیا نوێنەری کورد بەڵکو نوێنەری پێکھات و کەمینەکانی دیکەین، بۆیە دەبێ بیروڕا و تێبینییەکانی خۆمان بخەینەڕوو و بە ھیچ شێوەیەک مێزی گفتوگۆ بۆ مەھەپەو جەھەپە و ئاکەپە چۆڵ ناکەین".
ھەر سەبارەت بە ئامادەکردنی دەستووری نوێی تورکیا، پەرلەمانتاری بەدەپە ( ئاڵتان تان) رایگەیاند: لە قۆناغی ئامادەکردنی دەستووری نوێدا جەھەپە و مەھەپە بۆ یەک سانتیم لە سیاسەتی رەگەزپەرستی، عەلمانیەتو کەمالیستی خۆیان پاشگەزنەبوونەتەوە ، ئەگەر بۆیان بکرێ ئەوا مێژووی ٢٠١٣ لە سەر دەستووری سەربازیی ١٩٨٢ دەنووسن و کاری پێدەکەن.
تان لە بارەی ھەڵوێستی ئاکەپە سەبارەت بە قۆناغی ئامادەکاری دەستووری نوێ گوتی" ئاکەپەیش بۆ دوانەخستنی ئەم قۆناغە ھیچ گەرەنتییەکی نەداوە بۆیە ئێستە ئامادەکارییەکان راگیراون و ئەو خاڵانەیش کە تا ئێستە کۆمیتە دەنگی لەسەر داون گۆڕانکارییان تێیادا ناکرێ.
ئاڵتان تان داوای لە پەرلەمانتارە کوردەکانی جەھەپە، مەھەپە و ئاکەپەی کرد لە بەرامبەر پارتەکانی خۆیان ھەڵوێستیان ھەبێ و داوای مافە دیموکراتیکییەکانی خۆیان بکەن.