ئەنقەرە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بولەند ئارنچ دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەست.
بولەند ئارنچ لە بارەی رووداوەکانی جزیر گوتی: "ئەو رووداوانە تەنیا پەیوەندی بە سەقامگیرییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە قۆناغی چارەسەرییەوە ھەیە. كاتێك باس لە رووداوەكانی جزیر دەكرێت بیر لەوە دەكرێتەوە كە ئەو رووداوانە رووی سیاسیشی ھەیە. زانیاریم ھەیە كە لە رووداوەكاندا هەشت کوژراون، ھەموو ھاووڵاتییانمان بۆ ئێمە گرنگن بە داخەوا لەو رووداوانەدا گیانیان لەدەستداوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد كە كار بۆ رووداوەكانی جزیر دەكرێت و گوتی: "ماوەیەك دیاری كراوە بۆ لێكۆڵینەوەكانی دادگایی، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای جزیر زۆرە و ئاگاداری ئەوەشین كە زەمینەسازی بۆ ئەنجام دانی ئەو رووداوانە كراوە".
- "بە شێوەیەكی بەرفراوان لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكان دەكرێت".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بولەند ئارنچ ئاشكراشی كرد كە ژمارەی ھێزەكانی پۆلیسیان لە جزیر زیاد كردووە و گوتی: "ژمارەی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكانیشمان زیاد كردووە بۆ ئەوەی لە كاتی رووداوەكاندا رەوانەی شوێنی مەبەست بكرێن، بە شێوەیەكی بەرفراوان لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكان دەكرێت چونكە منداڵێكی تەمەن 12 ساڵ لە رووداوەكاندا گیانی لەدەستدا، ئێمەش بەو رووداوە زۆر دڵگران بووین. ئەوان لەوانەیە پەیامەكانیان یەك بگرێتەوە و بڵێن ئێمە چەك فڕێ نادەین، واز لە توندوتیژی ناھێنین، ئێرە ھی خۆمانە و نایدەین بە كەس، تەنیا خۆمان لێرەدا دەمێنینەوە، كەس مافی ئەوەی نییە لێرەدا بژی. گرووپێكی ئاژاوەگێڕی لەو چەشنە ھەبێت بێگومان ئەركی حكوومەتە بەرەنگاریان ببێتەوە و دەنگیان ببڕین و لەو ناوچانەدا دووریان بخەینەوە".
بولەند ئارنچ گوتیشی: "ئێمە لە ھەوڵی ئەوەداین رێگە لەوە بگرین چەند پرسێكی كۆمەڵگە رووداوی توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و خوێنی نەڕژێت، بەڵام گرووپێكی گێرەشێوێن ھاتوون لە شاری پێغەمبەر تاوان ئەنجام دەدەن، ئێمە بە ھیچ شێوەیەك رێگە بەو كردارانە نادەین".