شڕنەخ
فەرمان عەلی کوڕێکی خەڵکی شڕنەخە، ١٣ ساڵ پێش چۆتە ئانتاڵیا و لە ھۆتێلی خزمێکی خۆیان دەستی بەکار کرد.
ساڵێک بەر لە ئێستا کچێکی نۆروێجی بە ناوی مارلەن بۆژورنا بۆ گەشتوگوزار سەردانی ئانتاڵیای کرد و لەگەڵ فەرمان عەلیدا یەکتریان ناسی و بوون بە ھاوڕێی یەکتر. دواتر ئەو پەیوەندییە ھاوڕێیانە بوون زەمینە خۆشکەر بۆ پێکھێنانی ژیانی ھاوسەری لە نێوان فەرمان و مارلەن. ھەردوولا دوای وەرگرتنی رەزامەندی خانەوادەکانیان گەڕانەوە گوندی جەویز ئاغاجی سەر بە ناوچەی بەیتوشەباب.
دایک و باوکی بووک بۆ بەشداریکردن لە رێوەڕەسمی ھاوسەرگیری کچەکەیان لە نۆروێجەوە سەردانی گوندی جەویزئاغانجیان کرد.
دواتر بە بەشداری سەرۆک شارەوانی بەیتوشەباب و ژمارەیەکی دیکە لە خەڵکی ناوچەکە دوو رۆژ و دوو شەو رێوەڕەسمی داوەت بەردەوام بوو. بووک کە بۆ پێکھێنانی ژیانی ھاوسەری ببوو موسڵمان لە کاتی مارەکردندا شەھادەی موسڵمانانی ھێنا.
لە کاتی رێوەڕەسمەکەدا بە پێی عورف و تەقالیدی ناوچەکە بەشداربووان پارەیان پێشکەشی بووک و زاوا کرد و باوک و دایکی بووکیش ٨٥ ھەزار لیرەیان پێشکەشی بووک و زاوا کرد.
بە گشتی ٢٥٥ ھەزار لیرە بە بووک و زاوا بەخشرا.