ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکومەتی تورکیا بولەند ئارنچ، لەبارەی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری تورکیا کە بەدەپە ناوی ناوە "دیواری شەرم" گوتی: "ئێمە ئاسایشی ھاووڵاتیانمان بە بنەما دەگرین، بۆ ئەوەش ناچارین ھەندێک رێوشوێنی کاتی بگرینەبەر. ئەگەر وا دەزانن دیوار دروست دەکەین نەخێر وا نییە. ئەوەی دەکرێ کە تا ئەمڕۆ لەھەندێک شوێنی دیکە کردوومانە، تەلبەندکردنی ئەو شوێنەیە."
ئارنچ ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دراون، زانیاریی بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکراکرد و لەبارەی ئەو دیوارەی لەناوچەی نسێبین لەپارێزگای ماردین دروستدەکرێ، روونکردنەوەیدا و گوتی:
"لەوێ بە شێوەیەکی کاتی دیوارێک بە درێژایی ١٣٠٠ مەتر دروستدەکرێ. دروستکردنی ئەو دیوارە بە مانای ئەوە نییە بەرز دەکرێتەوە. دوای دروستکردنی دیوارەکە تەلبەند دەکرێ. ئەگە وا تێدەگەن ئەمە دیوارە، نەخێر دیوار نییە، پرسی دروستکردنی دیوار بەھیچ شێوەیەک لە ئارادا نییە. ئەمە وەکو لێدوانێکی فەرمی پەسەند بکەن، چونکە ھەندێک لایەن لەسەر ئەو پرسە مشتومڕ دروست دەکەن، ھەندێکی دیکە لەسەر ئەوە سیاسەت دەکەن. لەوە زیاتر تا ئەو ئاستەی ئاگام لێیە خاتوونێکی سەرۆک شارەوانی لەدژی ئەمە دەستی بەمانگرتن کردووە. نەخێر ئەو مەسەلەیە بەمشێوەیە نییە کە بانگەشەی بۆ دەکرێ، بەڵکو تەلبەند کردنی ناوچەیەکە بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤ."
لەوەڵامی پرسیاری، ھەندێک لە میدیای بیانی کە دەڵێن تورکیا ھەوڵ دەدات لەگەڵ چەند گروپێکی سەر بە رێکخراوی ئەلقاعیدە پەیوەندی دروست بکات؟
ئارنچ گوتی: "نەخێر، ئەو شتانە لە رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ باس دەکرێن، واز لە راگەیاندنی دەرەوە بێنن، بەڵکو پەرلەمانتارانی پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆنیش لەوبارەیەوە قسە دەکەن. ئێوە ناوەکانیان دەزانن. ھەندێک کەس ھەیە سێ ساڵە بۆ ئەوەی ئەسەد لەسەر پێ بمێنێ کاری سیاسی دەکەن. ئەوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تورکیا پشتگیریی ھەندێک رێکخراوی سوریایی دەکات. ئەوانە چەند درۆ دەکەن، چەند ئامانجی تریان ھەیە، ھەندێک دەزگاکانی راگەیاندنی بیانیش پشت بەو سەرچاوانە دەبەستن، بەڵام ھیچ کامێ لەوانە راست نین."