برۆکسل
رۆژی چوارشەممە ٤ی کانوونی یەکەم، لە تەلاری پەرلەمانی ئەوروپا لەشاری برۆکسل، کۆنفرانسی کێشەی کوردانی تورکیا بەڕێوەچوو.
لەیلا زانا سیاسەتوان و پەرلەمانتاری کورد لەکۆنفرانسەکەدا بەشدارییکردبوو دەڵێ پارتی دادو گەشەپێدان- ئاکپارتی بۆ چارەسەری کێشەی لەمێژینەی کورد، ئەگەرچی خاووخلیچکی کردووە، بەڵام بوێرانەترین ھەنگاوی لەمێژووی کۆماری تورکیا ھاوێشتووە.
لە کۆنفرانسی دەیەمی نێودەوڵەتیی لەسەر کێشەی کوردانی تورکیا لەیلا زانا باسی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی میللەتی کورد لە تورکیا کردو گوتی "ھەرکاتێ پرسی ئاشتی نێوان کوردو تورک دێتە ئاراوە، تورکیا دەبێتە کۆمارێکی ترسنۆک. لە دیوێکی ئەو تابلۆیەدا ئاشتیخوازان ھەن، لەدیوەکەی دیکەدا کەسانی دژ بە ئاشتی دەبینرێن. پارتی دادو گەشەپێدان کە سێ دەورە لەسەر یەک تەختی کۆماریی گرتووە، ئەگەرچی کەمتەرخەمی و ھێواشی لە کارەکانی بۆ پرسی کورد دەبینرێ بەڵام ئەوە روونە کە پارتی دادو گەشەپێدان بۆ چارەسەری پرسی لەمێژینەی کورد بوێرانەترین ھەنگاوی لەمێژووی کۆماری تورکیا ھاوێشتووە، بەردەوامیشە لەسەر دیالۆگ و نزیکبوونەوە".
زانا ھەروەھا گوتی " ھیچ کات حکومەتی تورکیا بەمشێوەیەی ئێستا ئامادەباشیی تێدا نەبووە بۆ چارەسەری پرسی کورد، لەکاتێکدا تورکیا بەردەوامە لە ھەنگاوەکان لەبارەی پرسی کورد، چەندین جار بەرپرسانی کورد لە تورکیا سەردانی ئۆجەلانیان کردووە لە ئیمراڵی کە ئەوە ئومێدێکی زۆر بە کوردان دەدا."
لەیلا زانا لەبارەی ھەنگاوەکانی داھاتوو گوتی "تا ئێستا زۆرێک لە بەربەستە دەقگرتووەکان شکێنراون کە بەربەستبوون لەبەردەم ئاشتەوایی، ھەروەھا ھەوڵدراوە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی متمانە لەنێوان ھەردوولا، ئەوەی پێویستە بکرێ و کاتی ھاتووە کۆبوونەوەی رەسمی و رێککەوتننامەی جدییە."
لەیلا زانا بەمشێوەیە درێژەی بە ئاخافتنەکانیدا " سەرباری چەندین ھەنگاوی باش، ھێشتا ھەندێ پرس بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە کە پێویست ناکات دوودڵی لێبکرێ، بۆ نموونە داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسییانە، ئازادکردنی حوکمدراوە سیاسییەکان، تایبەت ئەوانەی نەخۆشن و لە بەندیخانەکاندان، گۆڕینی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەڕێی یاساوە، شەفافکردن و خستنەڕووی دۆسێی رۆبۆزکێ، ھەنگاونانی جدی بۆ برەودان بە پەروەردەو خوێندنی زمانی کوردی، نەوەک وەک وانەیەکی پشتگوێخراو بخوێنرێ."
جێگری ھاوسەرۆکی BDP گولتان کشاناک لە کۆنفرانسەکەدا بە دەربڕینی بۆچوونەکانی بەشدارییکرد. کشاناک گوتی:" تراژیدیای میللەتی کورد روونە لای ئەوروپاییەکان، پێویستە تورکیا ھەنگاوی زیاتر و خێراتر بنێ بۆ گەیشتن بە خاڵی ھاوبەشی ئاشتییانە. دەبێ پارتی دادو گەشەپێدان رۆڵێکی دادوەرانە ببینێ لە گۆڕانکاریی دەستووری وڵات بۆ ئەوەی دەستوورێک بێتە ئاراوە لەخزمەت ھەمووان بێ و مافەکانی کورد دابین بکا. ئازادیی تەواو بەرقەرار بکا، بەمشێوەیە وڵات دەچێتە دۆخێکی گونجاو و تەندروستەوە."
زۆرێک لە ئەندامانی حزبە چەپڕەوەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارییان کردو داوایان لە یەکێتیییەکە کرد PKK لە لیستی تیرۆری جیھانی ھەڵاوێدێرێ.