ئەنقەرە
ھەر دوو سەرۆکوەزیرانی تورکیا و پاکستان دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ھاوبەشی رۆژنامەوانییان ساز کرد و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەسەڵاتی سیاسی لە دەستنیشانکردن و و لێدانی ھەلیکۆپتەرە سورییەکە ئاگادار بوو یان نا" ئەردۆغان گوتی "ئێمە لە چەند ناوچەیەک و چەند شوێنێکی دیاریکراودا دەسەڵات دەدەین بە ھێزە سەربازییەکانمان. وەک ئێوەش دەزانن سەبارەت بە سوریا و جێبەجێکردنی یاساکانی بەرپەرچدانەوە، دەسەڵاتمان دابوو بە ھێزەکانی سوپا و چەند مانگێکش پێش ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی لەمبارەیەوە لێدوانم دا. پێویستە بزانن، ئەگەر سنورەکانمان ببەزێنرێ، ئەوا کار بە یاساکانی بەرپەرچدانەوە دەکرێ. لەم رووداوەیشدا بەدرێژایی ٢ کیلۆمەتر سنورەکانمان بەزینراوە. بەو ھۆیەوە لە سەعات ١٤:٢٥ بە ھۆی گوێ نەدان بە ئاگادارییەکانی سوپا، کار بەیاساکان کراوە و ھێزەسەربازییەکانمان ئەرکی سەرشانی خۆیانیان جێبەجێ کردووە".
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا بەرنامەی ئەمریکا و روسیا بۆ نەھێشتنی چەکە کیمیاییەکانی سوریا، کاریگەری دەبێت لە سەر ھەڵوێستی تورکیا ئەردۆغان رایگەیاند: دەمەوێ جەخت لەسەر بابەتیک بکەمەوە و ئەویش ئەوەیە کە زۆر بە توندی رووبەرووی شێواندنی زانیارییەکان دەبینەوە و و گوتی" ئاخۆ ھەڵەیە؟ نەخێر، ئەوەش راستە. تەنیا لەسەر پرسی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی ھەڵوێستە دەکەین. بۆچی تەنیا لەسەر پرسی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی ھەڵوێستە دەکەین؟ بەکارھێنانی چەکی کیمیاییش تاوانە، بەکارھێنانی چەکە تەقلیدییەکانیش تاوانە. بەگوێرەی ئەو لیستەی لەبەردەستماندایە بەیەکێکیان ھەزار و ٧٠٠ کەس کوژراوە و بەوەی دیکەیان نزیکەی ١١٠ ھەزار کەس کوژراون. بەڵام کوژرانی ئەو ١١٠ ھەزار کەسە فەرامۆش دەکرێ و باسی ناکرێ. بەردەوام باس لە کوژرانی ھەزار و ٧٠٠ کەسەکە دەکرێ. کاتێک بەمشێوەیە لە بابەتەکە بڕوانین، دەبینین کە رووداوێکی کۆمەڵکوژی ھەیە. ئەمە ژمارە دەستنیشان کراوەکانن، لە کاتێکدا نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کوژراوی دیکەش ھەن کە دەستنیشان نەکراون. لایەنی سێیەمی ئەم بابەتەش کۆچبەرییە. لە ئێستادا ٧ ملیۆن کەس ئاوارەیە، لەوانە پێنج ملیۆنیان لە ناوخۆی وڵاتدان و دوو ملیۆنەکەی دیکەش چوونەتە دەرەوەی وڵات. ٥٠٠ ھەزار پەنابەر لە وڵاتی ئێمەیە، یەک ملیۆن و نیوێکیش لە لوبنان و ئۆردنن".
ئەردۆغان ئاماژەی دا، ئێمە وەک تورکیا لە چوارچێوەی سیاسەتی (دەرگای کراوە) میواندارێتی ھاونیشتمانیانی سوریمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە میواندارێتی کردنیان و گوتی "بەڵام دنیا ئەمە نابینێ. لە St. Petersburg ئەم بابەتەمان خستە رۆژەڤەوە و قسەمان لەسەری کرد. ئەمریکا و روسیا چی دەکەن؟ ئێوە ئێستا پرسیاری ئەوەم لێ دەکەن. ئێمەش دەڵێین ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان چی دەکا؟ بەڕێز ئۆباما لە St. Petersburg ئەماژەی دا بەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیفلیج بووە. ئەمە دێمەنی ئیفلیجبوونە، بەڵام بەپلەی یەکەم ئەرک و بەرپرسیارێتی راستکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ئەستۆی ئەندامە ھەمیشەییەکانی ئەنجوومەنەکەدایە و دواتر لە ئەستۆی سەرجەم ئەندامەکانی دیکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندایە. پێم وایە ھەنگاونان بەو ئاراستەیەدا خزمەتکردن ھاوبەشە بەگەیشتن بەو ئاشتییەی مرۆڤایەتی تینویەتی.
پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن ئەردۆغان گوتی "یەکێک لە قۆناغی کارەکانی ئەمڕۆمان تەواو کرد. ئێستا ھاورێکانمان پێداچونەوەی بۆ دەکەن و لە کۆتایی مانگدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایدەگەینم".