ماردین
کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی ھەژاریی لە (زانکۆی ئارتوکڵو) لەماردین کۆبوونەوەیەکی لە ژێر ناوی "کۆنفرانسی نەھێشتنی ھەژاریی" رێکخست و گفتوگۆ کرا لەسەر چۆنێتی نەھێشتنی ھەژاریی.
سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر (عوسمان بایدەمیر) یەکێ بوو لەبەشدارانی کۆنفرانسەکەو گوتەیەکی پێشکەشکرد.
بایدەمیر گوتی "ھەژار بوونی ناوچەکە بەرھەمی ھەڵەی سیاسەتە ئابوورییەکانی سەدان ساڵەی دەوڵەتە، ھیچ کەس ناتوانێ پاساو بێنێتەوە بۆ ھەژاریی لەم ناوچەیەدا. لە نێوان دوو گەڕەکی ماردیندا پێشکەوتن و بوژانەوەی جیاواز ھەیە، ئەمەیش یەکێکە لە بەرھەمەکانی ئەم سیاسەتە ئابوورییە ھەڵانەی بەرۆکی خەڵکی ناوچەکەی گرتووە".
بایدەمیر زیاتر لەبارەی ھەژاریی لەناوچە کوردییەکانی تورکیا قسەی کرد " دەمەوێ سەرنجتان راکێشم بۆ ئەوەی لەنێو ٢١ پارێزگای پێشنەکەوتووی تورکیا، ١٨یان لەباشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ ناوچە کوردییەکانن، شاری دیاربەکر لەڕووی پیشەسازیی ساڵەکانی ١٩٣٠دا سێیەمین پارێزگا بووە و ماردینیش شەشەمین بوو، کەچی ئەمڕۆ دیاربەکر ٦٧ و ماردینیش ٦٨مینە".
لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەری ماردین لە پەرلەمانی تورکیا (ئەرۆڵ دۆرا) بەشدارییکرد و قسەی کرد "سەرباری لەبار بوونی ناوچەکە بۆ پێشەوە بردنی کەرتی ئابووریی، بەڵام ھێشتا ناوچەکە گیرۆدەی ھەژارییە، ئێمە ناتوانین لە دەرەوەی سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەتدا بە دوای ھۆکارێکی دیکەدا بگەڕێین بۆ ئەم ھەژارییە".