ئیستەنبۆل
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی كردنەوەی شارەوانی ئەسەنلەر، ئاماژەی بە چەند پرسێك كرد و رایگەیاند سەرەرای ھەڵوێستی ھەندێك حزبی سیاسی، رێوشوێنی پێویست لە سنوور گیراوەتەبەر.
ئەردۆغان گوتی: "ھەندێك حزبی سیاسی لە توركیا ھەوادارانی ھان دەدا بە ناوی كۆبانێیەوە بێنە سەر شەقامەكان، شەقامەكانیان ئاگر تێبەردا و زیاتر لە 40 ھاوڵاتیمان گیانیان لەدەستدا. ئەوەی ھانی ئەو كردارانەیاندا چیان بەدەست گەیشت. بەیانی تا ئێوارە باسی كۆبانێ دەكەن چییان بۆ كۆبانێ كرد. تەنیا خۆپیشاندان و خۆھەڵكێشان بوو. وڵاتیان لەناو خوێن وەردا. بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە ئەوان حیسابیان ھەبێ ئێمەش ھەمانە."
سەركۆماری توركیا سەبارەت بە ھاوكارییەكانی توركیا بۆ كۆبانێ گوتی: "ئێمە ھاوكاری سوپای ئازادی سوریامان كرد، ئێستا بۆ پشتگیریكردن لە كۆبانێ چونەتە ئەوێ، ئێمە رێگەمان بە پێشمەرگەدا بۆ ئەوەی لە خاكی ئێمەوە بچنە كۆبانێ. گەر ئەوان بە راستگۆیانە لە ھەوڵی ئەوەدان پشتگیری لە كۆبانێ بكەن فەرموو ئەمە ھاوكاری و پشتگیری توركیا بوو بۆ كۆبانێ. بەڵام ئەوان مەبەستەكەیان ئەوە نییە، ئەوانە لە ژێر ناوی كۆبانێ خاریكی كاری دیكەن. وەك رووداوەكانی گەزێ كە دەیانگوت پرسەکە بڕینی دوو دار نییە، ئێستاش دەڵێن پرسەکە كۆبانێ نییە. توركیا جارێكی دیكە رووبەڕووی ئەو یارییانە نابێتەوە و ناكەوێتە ناو تەڵەوە."
"ئەوەی دەكوژرێ برای كوردە و ئەوەی دەكوژێ كوردە"
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەردۆغان بۆ جاری یەكەم وەك سەركۆمار بەشداری لە كۆبوونەوەی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا كردبوو و سەرۆكایەتی ئەو كۆبوونەوەییەی كردبوو. ئەردۆغان رایگەیاند لە دوای كۆبوونەوەیەكی درێژخایەن ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی توركیایان تاوتوێكردووە.
ئەردۆغان گوتی: "لێرەدا دەمەوێ ئەوە بە خەڵكی خۆشەویستم رابگەیەنم، ئێمە لە ناوخۆ و دەرەوەی توركیا ئاگاداری چالاكییە نییەت خراپەكانین. لەھەر بستێكی خاكیشدا رێوشوێنی توندمان گرتووەتەبەر. لە ناوخۆی توركیا رووبەڕووی ھەموو رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەبینەوە ھەروەھا لە دەرەوەش چالاكییەكانی رێكخراوی داعش ھاوكات لە نزیكەوە ئاگاداری پێشھاتەكانی دۆخی عێراق و سوریاین."
سەركۆماری توركیا زیاتر گوتی: "مانگێك لەمەوبەر بە ناوی كۆبانێیەوە خەڵكیان رژاندە سەر شەقام، بە داخەوە ئەمە لە لایەن حزبێكی سیاسییەوە رێكخرا. ھەروەھا حزبی ئۆپۆزیسیۆن پشتگیرییان لەو كردەوانە كرد. بە داخەوە ئەوەی گیانی لەدەستدا برای خۆمان بوون و زەرەرێكی زۆریش بەر موڵكی گشتیی كەوت. ئەوەی دەكوژرێ برای كوردە و ئەوەی دەكوژێ ھەر كوردە. ئەوان ھەڵوێستی خۆیان ئاشكراكرد كە نیازیان برایەتی و ئاشەوایی نییە."
"پەرلەمان لەگەڵ دەركردنی ئەو یاسا تازەیەیە، ھیوادارین لە ئایندەیەكی نزیكدا بتوانین پێش ئەو رووداوە توندوتیژییانە بكەوین"
ئەردۆغان گوتیشی: "گوتیان كۆبانێ، بەڵام ئەوان خۆیان نیشاندا كە چەند ترسنۆكن. گوتیان كۆبانێ بژی كۆبانێ، بەڵام چوون بە سووكی لە دیاربەكر و باتمان و ھەكاری كاری كوشتارییان ئەنجامدا. گوتیان داعش بەڵام بە سووكی كاری وا وەحشیگەرانەیان كرد لەگەڵ داعش ھیچ جیاوازییان نەبوو. گەنجانی بێتاوانیان كوشت. وا نەزانن ئەو كردارانە بێ سزادان تێپەڕدەبێ، ئێستا ھەواڵگریمان لە ھەوڵی ئەوەدایە یەكە بەیەكە ئەو تاوانبار و بكوژانە دەستنیشان بكا. پەرلەمان كار لەسەر ئەوە دەكا، ھیوادارین لە ئایندەیەكی نزیكدا پێش ئەو رووداوە توندوتیژییانە بكەوین."