وان
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارتی ئاشتی و دیموکراتی لە وان (سەمیرا ڤارلی) و سەرۆکی شارەوانیی چەلەبیباخ (فەیسەل کەسەر) و ھەندێک ئەندامی دیکەی بەدەپە کە بەر لە یازدە مانگ لەسەر دۆسیەی کەجەکە دەستگیرکرابوون، دوای دادگاییکردنیان لەلایەن دادگاوە بریاری ئازادکردنیان درا.
دادگاییکردنی ئەو حەوت کەسە نێزیکەی ١٢ سەعات بەردەوام بوو. جونەیت جانیس پارێزەری تاوانبارەکان گوتی "کورد لە تورکیا لە رێگای بەدەپەوە کاری رێکخستنی خۆیان دەکەن کە بە ھیچ شێوەیەک رێکخستنێکی نایاسایی نیە. ھەموو کار و چالاکییەکانی ئەم حەوت کەسە بە گوێرەی پەیڕەوی دیموکراسی ئەنجامدراون".
ھەروەھا سەرۆکی ژووری پارێزەرانی وان (مورات تیمور) گوتی "ئەمە ١١ مانگە حەوت کەس بە تۆمەتێک دەستگیرکراون. داوا لە دادگا دەکەین پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکات و ئەم حەوت کەسە ئازاد بکات.
لە کۆتایی دادگاییکردنەکەدا حەوت کەسەکە ئازاد کران، بەڵام دۆسیەکەیان لە دادگا بە کراوەیی مایەوە.