Abdullah Shukur
16 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2018
ئیستانبوڵ - AA
دروستکردنی گەورەترین کتێبخانە بە سەرپەرشتی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا لە قشڵەی رامی شاری ئیستانبوڵ بەردەوامە و لە دوای نۆژەنکردنەوەی بیناکە، ملیۆنەھا کتێب دەخرێتە بەر خزمەتی ناوەندەکانی خوێندن.
تیمەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئاسمانەوە گرتەی قشڵەی رام-یان تۆمار کرد و لەگەڵ تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە، شوێنەکە دەبێتە گەورەترین ناوەندی رۆشنبیری بە رووبەڕوی ٢٢٠ ھەزار مەتر چوارگۆشە لە شاری ئیستانبوڵ.
بەڕێوەبەری بەشی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری پارێزگای ئیستانبوڵ، جۆشکون یڵماز لەبارەی پڕۆژەی قشڵەی رامی زانیاری پێشکەش بە ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و رایگەیاند کە گەورەترین ناوەندی رۆشنبیری لە شاری ئیستانبوڵ لەو شوێنە دادەمەزرێنن.
یڵماز رایگەیاند کە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار دەیەوێ لە رێگەی پڕۆژەیەکی گەورە بیرۆکەیەکی زۆر جوان لەسەر قشڵەی رامی جێبەجێ بکات، گوتیشی: "پلانی ئەوەمان ھەیە کە ئەم شوێنە بکەینە گەورەترین کتێبخانەی تورکیا. کتێبی زۆربەی بەشەکانی وەک ھونەر و منداڵان و بەشەکانی دیکە لەخۆ دەگرێت. ھاوکات بڕیارە زۆرترین ژمارەی کتێب لەو شوێنە دابنرێ ئەمەش بە پێی کات و مەرجە گونجاوەکان زیاتریش دەکرێ. ھاوکات ئەم شوێنە دەبێتە پێگەیەکی زۆری گرنگی کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و ھونەریی. دەبێتە شوێنێکی زۆر تایبەت. بۆیە لەگەڵ تەواوکردنی پڕۆژەکە، ئەم شوێنە دەبێتە گەورەترین کتێبخانەی جیھان".
یڵماز ئاماژەی بەوەشدا کە شوێنی قشڵەکە کەوتووەتە ناوەندی شاری ئیستانبوڵ و لەمبارەیەوە گوتیشی: "خەڵک بە رێگەی پاسە گشتییەکان و ئۆتۆمبێڵی تایبەتیش زۆر بە ئاسانی بەم شوێنە دەگەن. ئەم شوێنە نەک تەنھا لە رووی کتێبەوە بەڵکو لە رووی رۆشنبیری و ھونەریشەوە خزمەت بە خەڵک دەکات. ھەر بۆیەش ھۆڵی پێشانگا و کافێ وھۆڵی سینەماشی تێدا دروست دەکرێت و خەڵک دەتوانێ کاتێکی دوور و درێژ لە نێو ژینگەیەکی رۆشنبیری بەسەر ببات".
یڵماز جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ھەیوانی ئەو قشڵەیە، دووکانی فرۆشتنی دیاری و شوێنەکانی کات بەسەربردنیشی تێدا دەبێت، ھەر بۆیەش ئامادەکاری پێویستی بۆ کراوە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە شوێنەکانی دەوروپشتی ئەو قشڵەیەش دووبارە نۆژەنکراوەتەوە و پلان دانراوە بۆ دروستکردنی گەراجێکی گەورەی وەستانی ئۆتۆمبێڵ.
بەڕێوەبەری بەشی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری پارێزگای ئیستانبوڵ راشیگەیاند کە لەگەڵ تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە، دەبێتە گەورەترین ناوەندی رۆشنبیری بە رووبەڕوی ٢٢٠ ھەزار مەتر چوارگۆشە لە شاری ئیستانبوڵ.
یڵماز باسی لە مێژووی ئەو قشڵەیە کرد و گوتیشی: "ئەم شوێنە لە سەرچاوەکان وەک قشڵەی تۆپخانە و کێلگەی رامی ناوبراوە. دروستکردنی کێلگەی رامی زۆر کۆنترە، لە کاتێکدا قشڵەکە لە دوای ساڵی ١٧٨٠ دروستکراوە. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین شاکارەکانی مێژووی سەربازیمان".