Sailm Xemexan
01 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2017
ھەورامان – AA
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی پارێزگای ھەڵەبجە عەمید عابدین عەبدورەحمان محەممەد کە ھاوڕێ لەگەڵ تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ قسەی کرد، ئەو گوتی: "ئاگادار کراین کە ئاگرێک لە شاخەکانی ئەحمەد ئاوا کەوتووەتەوە، ئێمە لەڕێی ھەشت تیمی بنکەکانی بەرگری شارستانی خورماڵ و ھەڵەبجە ھاتین بەدەم پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ و ھاووڵاتیانەوە کە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، بەداخەوە بەھۆی فراوانی شاخەکان و مەودای ئاگرەکەوە کە چەندین کیلۆمەتر دەبێت و لەپشتی ئەحمەد ئاواوە درێژ بووەتەوە تا سنووری ئێران و لەوێشەوە بۆ گوڵپ و داری بەر مەڕان، بەھۆی نەبوونی رێگای پێویست بۆ ئۆتۆمبێلەکانمان و بوونی مین لەھەندێ ناوچە بەتایبەتی لەسنوور، کۆنترۆڵ کردنەوەی ئاگرەکە ئەستەم بوو، بەڵام بەھەوڵی ھەموو لایەک توانرا دوای نزیکەی چوار کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت".
لای خۆیەوە لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ بەھمەن محەممەد عەلی دەربارەی زەرە و زیانەکانی ئاگرەکە بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "بەداخەوە جگە لە سووتانی ١٥ دۆنم رەز و باخی ھاووڵاتیان، لە گوندەکانی زەڵم و ئەحمەد ئاوا، بە نزیکەیی ١٠ ھەزار دۆنم پوش و پاوان و لەوەڕگە و دارستانی سروشتی سووتاوە لە سنووری گوندەکانی ئەحمەد ئاوا و زەڵم و تادەگاتە گوڵپ سووتاون".
دەربارەی ھۆکاری ئاگرەکە و ئەو ئەنجامانەی دوای لێکۆڵینەوە پێی گەیشتوون، لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ گوتی: "ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بۆبوونی شۆرتی کارەبا لەسەرچاوەی زەڵم دەگەڕێتەوە، کە بەداخەوە دواتر و بەھۆی وشکبوونی پووش و پاوانی شاخەکانەوە تەشەنەی سەندووە و ئەو زەرەر و زیانانەی لێکەوتووەتەوە".