hemn husain . Sarmand Hameed
18 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2016
هەولێر
بەمەبەستی پێداچوونەوە بە لیستی پێدانی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت، جارێکی دیکە سەرجەم خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ ئەنجام دەدرێتەوە.
رێکخراوەکانی کەمئەندامان لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە و چەند پێشنیازێکیان خستە بەردەم وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشییان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە رۆژانامەوانییەکەدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دکتۆر محەمەد هاودیانی تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان و گوتی: "بابەتەکەی ئێمە تایبەت بوو بەم توێژە بۆ دابینکردنی بژێوێکی پێویست و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داخوازییەکانی کەمئەندامان، هەڵبەتە ئێمە دەزانین کە دەبێت چاکسازی و پێداچوونەوە بە لیستی کەمئەندامان بکرێت و ئەوانەی بوونەتە مشەخۆر بەسەر ئەوانەوە لە لیستەکە بێنە دەرەوە ودواتریش کاردانەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە بە شێوەیەکی نایاسایی وەک کەمئەندام تۆمار کراون".
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیشیان لەگەڵ رێکخراوەکانی کەمئەندامان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتین لە ئەمڕۆ بەدواوە وەزارەتی کار بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دەست دەکەن بە دووبارە پشکنینەوە بۆ کەمئەندامان کە لە ئێستادا 34 لێژنەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشییە جیاوازییەکان پێکهێنراوە، لەو ژمارەیەش 14 لێژنە لە هەولێر و 10 لێژنە لە سلێمانی و 10 لێژنەش لە پارێزگای دهۆکە و بە هەماهەنگی و هاوکاریی لەنێوان وەزارەتی کار و رێکخراوەکانی کەمئەندامان دەتوانن لە ئەمڕۆ بەدواوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکەن و بۆ ئەوەی جارێکی دیکە فۆڕمیان بۆ پڕ بکرێتەوە و پێشکەش بە وەزارەت بکرێت".
سەبارەت بە مووچەی ئەو کەسانەش کە رێژەی دیاریکراو بریارلەسەردراوی کەمئەندامییان هەیە بە کەمئەندام هەژمار دەکرێن، دکتۆر محەمەد هاودیانی گوتی: "هەموو ئەو کەسانەی لە لێژنەکە دەردەچن مووچەکەیان وەکو خۆی لێ دێتەوە و دەبێتەوە بە 150 هەزار دینار و ئەوانەشی کە فەرمانبەرن مووچەکەیان دەبێتە 100 هەزار دینار و ئەمەش لە ماوەی 90 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "مەرجی پێدانی مووچە بە کەسێک کە خاوەن پێداویستی تایبەت بێت ئەوەیە دوای پشکنین رێژەی کەمئەندامییەکەی لە سەدا 65 کەمتر نەبێت".
یەکێک لە داخوازییەکانی رێکخراوەکانی کەمئەندامان ئەوە بوو کە نوێنەریان هەبێت لە لێژنەی باڵا لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەبارەت بەم داخوازییەش وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "رێکخراوەکانی کەمئەندامان داخوازییان هەبوو کە نوێنەریان هەبێت و ئێمەش داخوازییەکانمان قبوڵ کردن و بڕیارماندا سێ نوێنەریان هەبێت لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی".
خاڵێکی دیکە لە داخوازییەکانی کەمئەندامان بریتی بوو لەوەی کە لێژنەکان بۆخۆیان سەردانی شارەکان بکەن بۆ ئەوەی کەمترین ئاستەنگ بۆ کەمئەندامان درووست بێت و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "بڕیارماندا لێژنەکان سەردانی شارەکان بکەن بۆ ئەوەی کەمئەندامان بتوانن بە ئاسانی خۆیان نیشانی لێژنەکان بدەن و لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بڕە پارەیەک وەرناگیرێت لەبەرامبەر پشکنین بۆ کەمئەندامان بەڵکو وەزارەتی دارایی ئەو خەرجییە دەگرێتە ئەستۆ".
داخوازییەکانی کەمئەندامان بریتی بوو لە 12 خاڵ و دوای کۆبوونەوەکەش وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند کە هیچ گرفتێک لە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی کەمئەندامان دا نییە و لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "هیچ گرفتێک لە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەدا نییە و ئێمە جێبەجێیان دەکەین و ئەوانیش پاڵپشتی خۆیان دەربڕیووە بۆ ئەوەی خاوەن پێداویستییەکان جیابکرێنەوە و ئەوانەشی لە ساڵی 2013 مووچەیان بڕاوە هەوڵدەدەین ناوەکانییان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزبکەینەوە بۆ ئەوەی موچەکانییان بۆ بگەڕێنینەوە".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان، لە دوای سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی پێداچوونەوە بە ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرا لە ئەنجامدا ژمارەیان لە 111 ھەزارەوە بۆ 92 ھەزار کەس کەمکرایەوە.