1 23
25 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2016
پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیان لە فراكسیۆنەكەیان و لە حزبەكەشیان کێشایەوە و فراكسیۆنێكی نوێیان لە ئەنجوومەن راگەیاند.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (محەمەد رەسول، ئەكرەم شەریف، نیاز ئەحمەد، سەباح فەتاح، ئاڤان جەمال) نیگەرانن لە شێوازی دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و باس لەوە دەكەن كاندیدێكی دیکە لە جیاتی كاندیدی دەستنیشانكراو بە نایاسایی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەن دانراوە.
ئەوان یاداشتێكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا دەقی یاداشتەكەیان خوێندەوە، تێیدا بە فەرمی وازهێنانی خۆیان لە فراكسیۆنەكە و لە حزبەكەشیان راگەیاند و پێكهێنانی فراكسیۆنێكی نوێیان لە ئەنجومەنەكە بۆ درێژەدان بەكارەكانیان راگەیاند.
لە یاداشتەكەدا هۆكاری وازهێنانەكانیان رونكردووەتەوە كە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاوە هەیە، بە گوێرەی یاداشتەكە كاندیدی یەكێتیی بۆ ئەو پۆستە ئەكرەم شەریف بووە و لە كۆبونەوەی دوێنێی یەكێتیی و گۆڕان لەسەر ئەو پرسە بەفەرنی راگەیەنراوە بەڵام ئەمڕۆ بە بڕیارێكی کەسیی ناوی كاندیدەكە بە كەسێكی دیکە گۆڕاوە.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن لە كۆنگرەكەیاندا نەیانشاردەوە كە هۆكاری دورخستنەوەی ئەكرەم شەریف پەیوەندیی بە ململانێ و باڵباڵێنی نێو حزبەكەیانەوە هەیە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە ئاشكرا بكەن.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە كۆی 32 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا كە سەر بە حەوت فراكسیۆنی جیاوان (بزووتنەوەی گۆڕان 12 ئەندام، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 11 ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان سێ ئەندام، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوو ئەندام، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دوو ئەندام، هاوپەیمانیی یەك ئەندام، رافیدەین یەك ئەندام) ئامادەی دانیشتنەكە بون.
سەرەتا دەنگدان لەسەر بەخشینی پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون لە پشكی یەكێتیی ئەنجامدرا و بە 23 دەنگ قبوڵكرا، دواتر بەهەمان دەنگ بەخشینی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە پشكی گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەكر و دانانی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی پەسەندکرا، هەروەها جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن ئەكرەم شەریف لە پشكی یەكێتیی لە پۆستەكەی بەخشرا، لە بەرامبەردا هەریەك لە ئازاد محەمەد ئەمین بە 22 دەنگ بە سەرۆكی نوێی ئەنجوومەن و ئەنوەر تاهیر لە پشكی گۆڕان بە 24 دەنگ بە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پاریزگای سلێمانی دەستنیشانكران.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن ئەكرەم شەریف لە كۆبونەوەكەدا گوتی: "لە كۆبونەوەی دوێنێی هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان بەسەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا (رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان) و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی) ئەكرەم شەریف تاكە كاندید بووە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام ئەمشەو بە بڕیارێكی کەسیی و دوور لە یاسا ناوەكە گۆڕاوە بە كەسێكی دیکە، ئەوەش كودەتایە بەسەر یاسادا كە من بە گوێرەی یاساكان شایستەترم بۆ ئەو پۆستە".
ئەكرەم شەریف بە كەسێكی نزیك لە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی بەرهەم ساڵح دادەنرێت و هۆكاری دوورخستنەوەی بۆ ململانێی نێو باڵەكانی ئەو حزبەكە دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنەكە ئەوەی رەتكردەوە و بۆ بڕیاری حزبەكەی گەڕاندەوە .