Hemn Baban
19 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2016
هەولێر
ئەمڕۆ لە كەمپی جێژنیكانی سەر بە قەزای بەحركە بە دووریی"20 كیلۆمەتر" حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی سكرتێری ئەو حزبە مستەفا هیجری و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی ئەو حزبە و بەشێك لە حزبە كوردییەكانی ئێران و حزبەكانی هەرێمی كوردستان رێوڕەسمی پرسەی كوژرانی شەش پێشمەرگەی ئەو حزبە بەڕێوەبرد كە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە گوندی قەرەسەقەڵ لە دەوروبەری شاری شنۆ لە رووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزەكانی ئێران كوژران، هیجری بۆ ئانادۆڵو گوتی "لەو خەباتە بەردەوام دەبین".
مستەفا هیجری دەڵێت: "حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پشتیوانی ئەو خەڵكە جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە نێویان لە رۆژهەڵات".
لە كەمپی جێژنیكان ئەو كەمپەی بەشێك لە ئاوارەكانی كوردانی ئێرانی لێ نیشتەجێیە بەدووریی نزیك لە 20 كیلۆمەتر لە شاری هەولێر ئەمڕۆ رێوڕەسمێك بۆ ئەو شەش پێشمەرگەیەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە رووبەڕووبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژران.
رێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی سكرتێری ئەو حزبە مستەفا هیجری و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبە و حزبەكانی دیكەی کوردستانی ئێران و بەشێك لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان و دەیان كوردی لایەنگری ئەم حزبە بەڕێوچوو. تێیدا سكرتێری حزب هیجری لە وتارێكدا لەبەردەم ئامادەبوواندا شەڕەكەی چوارشەممەی رابردووی پێشمەرگەكانی حزبەكەی لەگەڵ هێزەكانی ئێران بە داستانی خەباتگێڕی ناوبرد و گوتی: "ئەوانە شەهیدی رێگای رزگاریی و بەرخودانن و لەپێناو كورد و كوردایەتی و رزگاریی رۆژهەڵاتدا شەهید بوون".
ناوبراو لە وتارێكدا لەبەردەم ئەو خەڵكەی بۆ گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی هاتبوون و لە حزرووری كەسوكاری ئەم پێشمەرگانە كە بەرامبەر بە خەڵكە دانیشتبوون، گوتی: "حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پشتیوانی ئەو خەڵكە جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە نێویان بۆ ئەوەی خوێن و عارەقەی لەگەڵ ئەو خەڵكە جارێكی دیكە تێكەڵ ببێتەوە، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران تەبلیغات دەكەن و دەیانەوێت ئیرشاد بدەن كە تێكۆشان و حەرەكەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پشتیوانی بیگانەكان و عەرەبستانی سعوودیە و ئەمریكایە و نازانم كوێی دیكەیە، هەمیشە دەیانەوێت بایەخەكانی كورد كەم بەها بكەن، ئێمە بە بەرپرسیارێتییەوە جارێكی دیكە رایدەگەیەنم كە ئەو خەباتە هەڵقوڵاوی ئیرادە و ویستی گەلی كوردە لە كوردستانی ئێران، هەڵقوڵاوی كار و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە كە لەهەموو حاڵەتێكدا یارمەتیدی حیزبی دیموكرات بوون، ئێمە هەمیشە توانای خۆمان لەو پێشمەرگەیە وەردەگرین، ئەگەر 37 ساڵە جەستەی ئەو خەباتە خوێنی لێ دەچۆڕێت ئەو خەڵكە هەرمێنی كردووەتەوە، پڕی كردووەتەوە، ئێمە وەفادارین بە پەیامێك بە خەڵكەكەمان داوە، رابردوومان هەر ئەوەی نیشانداوە و ئێستا و داهاتووشمان هەر ئەوە دەبێت".
هیجری لە درێژەی قسەكانیدا بە شێوازێکی توندتر رووی كردە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران و گوتی: "با كۆماری ئیسلامی ئێران و بەكرێگیراوەكانی باش بزانن كە ئێمە خەڵكی كورد و پێشمەرگەكانی ئێمە شەڕخوازنیین، ئێمە ئاشتی و پێكەوەژیان و پێكەوە هەڵكردنمان دەوێت، ئێمە دەمانەوێت خەڵكەكەمان لە كوردستان، لە ئێران، لەهەموو پارچەكانی دیكەی كوردستانی دابەشكراودا ژیانێكی سەردەمییانەی وەكو ئەوڕۆیان هەبێت لە دنیادا، خەباتی ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ئەو شێوە ژیانەیە و رزگاری لە چنگی داماوی و زەلیلی و ئەسارەت".
لە كۆتایی قسەكانیدا گوتیشی: "ئێَمە لەگەڵ ئەوەی لە مەراسیمی سەرەخۆشیدا كۆبووینەتەوە، بەڵام جۆرێك یەكگرتن و یەكدەنگی لەنێو خەباتكارانی كورددا دەبینین، رەنگە یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەو رووداوە ئەوەیە كە خەڵكی كورد، نوێنەرانی رێكخراوەكانی سیاسی لە هەموو بەشەكانی كوردستان لە ئامادەبوون لەو رێورەسمەدا نیشانتاندا دڵ و بیروباوەڕتان لەگەڵ ئێمەیە".
لەو ڕێوڕەسمەدا كەسوكاری كوژراوەكان لەگەڵ ئەوەی خەمێكی زۆر دایگرتبوون، بەڵام نەیاندەویست وا دەربكەون و كەمتر فرمێسكەكانییان دەبینرا، ئەوان وەكو پەیامێك دەیانەویست فرمێسكەكانییان نەگات، ئەوەش لە قسەكانییاندا لەنێو یەكتر درك پێ دەكرا، لێرە پرسە و خەم ئامادەبووانی داگرتبوو، بەشێك لەوانیش وێنەی ئەو كوژراوانەیان لەسەر سنگیان كوتی بوو كە بە دوو فلێكسی گەورەش وێنەكانییان لەو شوێنەی پرسەی لێ بوو هەبوون.
لە لێدوانێکی تایبەتیشدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، مستەفا هیجری جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لەسەر ئەم سیاسەتەیان بەردەوام دەبن و پێشمەرگە دەنێرنەوە بۆلای خەڵکی خۆیان.
هیجری لە کۆتاییدا چووە لای کەسوکاری پێشمەرگە کوژراوەکان و سەرەخۆشی لێ کردن و دوابەدوای ئەویش ئامادەبووان ئەم نەریتەیان دووپاتکردەوە.
جێی ئاماژە بۆ كردنە، 18ی ئەم مانگە دەفتەری سیاسی (مەكتەبی سیاسی) حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی ناوچەی شنۆ راگەیەنراوێكی لەسەر شەڕەكەی ژمارەیەك لە پێشمەرگەی ئەو حزبە و هێزێكی سوپای ئێرانی لە ناوچەی شنو لە دوای هێرشی هێزەكەی حكوومەتی ئێران بۆ سەریان بڵاوكردەوە.
لەوێدا هاتووە "تیمێك لە پێشمەرگەكانی حیزب كە بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەركە تەشكیلاتی و تەبلیغاتییەكان لە ناوچەی شنۆ و لە ئاوایی قەرەسەقەڵ بوون، نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێككەوتی 15ی حوزەیرانی 2016 كەوتنە بەر گەمارۆ و هێرشی هێزێكی زۆری رژێمدا و تەیار بە هەموو جۆرە چەكێك، پێشمەرگەكانی حیزب لە بەرانبەر ئەو هێرشە و هێزە زۆرەی رێژێمدا كەوتنە بەرگری لەخۆیان و توانییان ژمارەیەكی بەرچاو لە فەرماندە و پاسدارە پلەبەرزەكان و بەكرێگیراوانی رژێم بكوژن و زەبری قورس و گورچك بڕیان لێ بدەن".
هەروەها هاتووە پاش هێرشەكە هێزەكانی ئێران هێرشیان كردووەتە سەر خەڵكی گوندەكە و ماڵی خەڵكیان داوەتە بەر هێرشی تۆپ و ئاگربەردان و وێرانكردنییان.
ناوی كوژراوەكانیش بەپێی راگەیەنراوەكەی ئەو حزبە ئەمانە بوون:
-كەمال خزری، لەدایكبووی ساڵی 1968ە، لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی شنۆ لەدایكبووە، لەساڵی 1990ەوە پێشمەرگەیە.
-محەمەد خالید پەیغامی، لەدایكبووی ساڵی 1983 لە شاری شنۆ لەدایكبووە و لە ساڵی 2007ەەوە بووەتە پێشمەرگە.
- لوقمان شێخانی، لە ساڵی 1976 لە گوندی شێخانی سەر بە شنۆ لەدایكبووە و لە ساڵی 1994ەوە پێشمەرگەیە.
-جەمال ئیسماعیلی، لەساڵی 1984 لەشنۆ لەدایكبووە و لەساڵی 2011ەوە پێشمەرگەیە، بەهاری رابردوو لە پەلامارێکی هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەی كێلەشین لە سنووری نێوان عێراق و ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بەسەختی برینداربووبوو.
-سەڵاح نادری، لەدایكبووی ساڵی 1981 لە شاری مەهاباد لەدایكبووە، لەساڵی 1998ەوە بووەتە پێشمەرگە، یەكێك بووە لەوانەی كاری راگەیاندنیشی كردووە.
-سەید عومەر حوسێنی، لەدایكبووی ساڵی 1972ی شارۆچكەی شنۆیە، لەساڵی 2000ەوە بووە بە پێشمەرگە و لە ساڵانی دواییدا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە و لەسەر بانگەوازی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە بەهاری ئەمساڵ پەیوەندیی بەپێشمەرگایەتیی كردووەتەوە.
حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەو راگەیەنراوەیدا كە دوای رووداوەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڵاوی كردەوە وجەخت لەسەر بەردەوامی خەبات لە پێناو"ئازادی و رزگاری" دەدات و مەرگیش بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەوەی بە بەكرێگیراوانی ناوبردووە دەخوازێت.