Dilşad Seyfeddin Ahmet
28 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2016
هەولێر
لە كۆنگرەكەدا هەزار و 127 ئەندامی ئەو حزبە كە لە توێژە جیاجیاكانی نێو حزبەكە لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەشدارن، لە سەرەتای كۆنگرەكەشدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو محەمەد فەرەج راپۆرتی چوار ساڵی رابردووی حزبەكەی پێشكەش دەكات.
كۆنگرەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، تێیدا جگە لە پەسەندكردنی پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكە، ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و دەستەی باڵای بەدواداچوون و ئەمینداری گشتیی نوێی حزبەكە هەڵدەبژێردرێنەوە.
لە كردنەوەی كۆنگرەكەشدا جگە لە ئەندامانی بەشداری كۆنگرەكە نەبێت، هیچ میوانێك لە حزب و لایەنەكانی تری بانگهێشتی كۆنگرەكە نەكراوە.
تائێستا چوار كەس خۆیان بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی حزبەكە كاندید كردووە كە بریتین لە ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبەكە سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ، ئەمینداری ئێستای یەكگرتوو محەمەد فەرەج ، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو محەمەد رەئوف، ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە ئەبووبەكر كاروانی.
چاوەڕوان دەكرێت لەم كۆنگرەیەدا كێبڕكێی بەهێز لە نێوان ئەمینداری ئێستای حزبەكە محەمەد فەرەج و ئەمینداری پێشووی حزبەكە سەڵاحەدین محەمەد بەهادین بێت كە لە كۆنگرەی پێشودا خۆكاندیدنەكرنەوەی بۆ ئەو پۆستە راگەیاند.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1994 دامەزراندنی خۆی راگەیاندووە، تائێستا شەش كۆنگرەی ئەنجامداوە، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین دامەزرێنەری ئەو حزبە و بەرپرسی یەكەم بووە تا كۆنگرەی پێشوو، دوای ئەوەی لە كۆنگرەی شەشدا بڕیاریدا خۆی كاندید نەكاتەوە، ئەمینداری ئێستای ئەو حزبە محەمەد فەرەج بە كێبڕكێ لەگەڵ سێ كاندیدی تردا زۆرینەی دەنگی هێناو بووە دووەم ئەمینداری ئەو حزبە.
یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان 10 كورسی پەرلەمان و لە پەرلەمانی عێراقیش چوار كورسی پەرلەمانی هەیە.