Rewa Mahmut Hasan,Sarmand Hameed
01 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2016
حەلەب
لە ئەنجامی بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی سوپای سووریا بۆسەر ناوچەی تارق باب ی حەلەب ١٦ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەست داو ٢٥ ی تریش برینداربوون .
یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری شارستانی بەناوی ئیبراهیم ئەبو لەیس لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە فرۆکە جەنگییەکانی سوپای سووریا بۆردومانی ناوچەیەکی سیڤیلیان کردووە بەناوی تارق باب لە حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندایە و بەهۆیەوە ١٦ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و ٢٥ ی تریش برینداربوون و زۆرێک لە ماڵەکان زیانیان بەرکەوتووە.
ماوەی ٤ ساڵە رژێم بۆردومانی ناوچەکە دەکات و بازار و خوێندنگە و نەخۆشخانە دەکاتە ئامانج بە بۆمبی بۆشایی، هێشوویی و بۆمبی بەرمیلی.
ناوچەکە بەهۆی بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەکانی رژێمەوە بۆتە وێرانەیەک و رێگاکان وتۆڕی ئاو و کارەبای ناوچەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و خەڵكی ناوچەکە ئاوی خواردنەوە لە بیرەکان بەدەست دەهێنن و بۆ کارەباش سوود لە مۆلیدە وەدەگرن.