ئەنقەرە
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز گوتی: "عێراقی باكور تا ئێستا ٧.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەناردەی بەندەری جەیھان لە تورکیا کردووە و تورکیاش تا ئێستا حەفت تانکەر نەوتی ھەرێمی کوردستانی روانەی بازاڕە جیھانییەکان کردووە کە کۆی گشتی دەکاتە ٦.٥ ملیۆن بەرمیل و بە ھۆی جێبەجێکردنی چەند کارێک لە سیستەمی بۆڕییەکاندا بۆ ماوەی چەند رۆژ پڕۆسەی ھەناردە کردنی نەوت رادەگیردرێ."
یڵدز لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی یەکێتی وەبەرھێنەرانی مەڕمەڕه، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و گوتی: "رێککەوتنەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی تورکیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەردەوامن، داعش چۆن دەبێ با بێ، بە ھیچ شێوەیەک موخاتەبی تورکیا نییە. چەندین کێڵگەی نەوتی لە ناوچەکەدا دەستاودەستیان پێکراوە، قەیرانێکی ئاڵۆزی سیاسی ھەیە، بەڵام ئەمە نابێتە ھۆی گۆڕینی سیاسەتی تورکیا و تا ئێستا لە باكوری عێراقەوە ٧.٨ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە بەندەری جەیھان لە تورکیا کرراوه و تورکیایش تا ئێستا حەفت تانکەر نەوتی ھەرێمی کوردستانی روانەی بازاڕە جیھانییەکان کردووە کە کۆی گشتی دەکاتە ٦.٥ ملیۆن بەرمیل. ههروهها بە ھۆی جێبەجێکردنی چەند کارێک لە سیستەمی بۆڕییەکاندا بۆ ماوەی چەند رۆژ پڕۆسەی ھەناردە کردنی نەوت رادەگیردرێ."
یڵدز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانی دابەزینی نرخی نەوتی خاو دەکەین. لە بارەی غازی ئێرانیشەوە ئاماژهی بهوه كرد كه لە مانگی نیسان و تەمووزدا چەندین دیدارمان لهبارهی ئەو غازەی لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێ، ئەنجام داوە و لە بارەی پڕۆسەی تەحکیمیشەوە چەندین سکاڵا ھەن و بڕیارە دادگا لە مانگی ئەیلوول بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانە دانیشتنێک ئەنجام بدا و بەو جۆرە ئەو پڕۆسەیەیش بە کۆتا دێت.
یڵدز له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "بەرزبوونەوەی ئاستی گوشاری غاز و چەندین کێشەی تەکنیکی و کەم رادەستکردنی رێژەی پێویست لە رابردوودا بە ھیچ شێوەیەک وەلاوە نانرێن و تا ئێستا برایانمان لە ئێران لە بارەی دابەزاندنی نرخەوە ھیچ جۆرە پێشنیارێکی روون و ئاشکرایان پێشکەش نەکردووین و پڕۆسەی تەحکیمیش بەردەوامە. وابزانم به کۆتایی ساڵ ھەموو شتێك روون و ئاشکرا دەبێ و دەردەکەوێ کە کێ لەسەر حەقە، لهبهر ئهوهی تورکیا لەسەر حەقە، بۆیه ئەو سکاڵایانەی تۆمار کردووە."
یڵدز جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر لە لایەن ئێرانەوە نرخێکی گونجاو بۆ غازی سروشتی دەستنیشان بکرێ، ئەوا تورکیا بەردەوام دەبێ لەسەر کڕینی غاز لە ئێران و حاڵی حازر لە بارەی رێژەی گوشار و سیستەمی بۆڕییەکانەوە سەرقاڵی ئەنجامدانی چەندین گۆڕانکارین، "بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە تایبەت بە داھاتوون. زیاتر کردنی رێژەی ھەناردەکردن لە داھاتوودا نابێتە ھۆی لە ناوبردنی ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر سکاڵاکانی پێشوو، چونکە ئەو دوو قۆناغە لە یەکتر جیان. تا ئێستا رێژەیەکی ئەوەندە زیادی نەکردووە وهك ئێمە داوای دەکەین کە لە وەرزی زستاندا ئەو رێژەیە زیاتر بکرێ چونکە لەو پێنج مانگەدا پێویستییەکی زۆر بە غاز ھەیە و لەو پێنج مانگەدا داواکاری تورکیا لە ئێران، ئازەربایجان و روسیا یەکجار زۆرە، دروستبوونی ھەر جۆرە کێشە و گرفتێک دەبێتە بەربەست لەبەردەم ئەو کارانەدا، بۆیە ھەر لە ئێستاوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردن و پێداچوونەوەی سیستەمەکەین کە ئەمەیش جۆرە ئامادەکارییەکە بۆ زستان."
وهزیری وزه و سهرچاوه سروشتییهكانی توركیا ههروهها باسی لهوهش کرد کە بۆ زیاترکردنی رێژەی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە، پڕۆژەی کۆرتخایەنمان لەبەردەستدا نییە و رێژەیەکی دیاریکراویش دەستنیشان نەکراوە، بەڵام دەمانەوێ لە وەرزی زستاندا لە ئێران، ئازەربایجان و روسیا غازی زیاتر ھاوردە بکەین.