سلێمانی
ئەمشەو لە میانی یارییەکانی گرووپی (B) خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لە یاریگای (تورک تیلیکۆم ئارێنا) یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووی یانەی گەڵاتەسەڕای تورکی دەبێتەوە.بۆ بینینی یارییەکە و یاریزانانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەنزیکەوە، لە ھەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەک لە ھاندەرانی ئەو یانەیە بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێ کەوتن .
(بەرھەم ئیسماعیل) کارمەندی یەک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانە (دەی ھۆڵیدەی) لە شاری سلێمانی، لەبارەی گواستنەوەی ھاووڵاتیان بۆ تورکیا و دابینکردنی بلیتی یارییەکەی ریاڵ و گەڵاتەسەڕای بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو AA گوتی "کۆمپانیاکەمان گەشتی بەردەوامی بۆ تورکیا ھەیە و لەمیانەی گەشتی ئەمجارەماندا ئۆفەرێکی تایبەتیمان بۆ گەشتیاران ئامادە کردووە، ئەویش بریتییە لە دابینکردنی بلیتی یارییەکەی نێوان ڕیال مەدرید و گەڵاتەسەڕای ".
ئیسماعیل لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە کۆمپانیاکەیانەوە گەشتی تورکیایان کردووە بۆ بینینی یارییەکە ڕایگەیاند "لە سلێمانی ٣٨ کەس و لە دھۆک ٤٦ کەس گەشتیان کردووە، جگە لەوەش ژمارەیەک ھاووڵاتی تر لەڕێگەی پاس و کۆمپانیاکانی ترەوە گەشتیان کردووە".بەگوتەی ئەو کارمەندە، داواکاریی زیاتر لە کۆمپانیاکەیان ھەیە بۆ گەشتی تورکیا و بینینی یارییەکە، بەڵام بەھۆی تەواوبوونی بلیتی یارییەکانەوە نەیانتوانیوە ژمارەیەکی زیاتری ھاووڵاتیان بگەیەننە ئەو وڵاتە.
(ھەرێز جەمال) رۆژنامەنووسی وەرزشی لەبارەی یارییەکە و چونی ھاندەرانەوە بۆ بینینی یارییەکەبۆ AA دواو گوتی "ڕۆشتنی ھاندەران لە ھەرێمەوە بۆ تورکیا و ئامادەبوون لەو یارییە وەک چاولێکەری لێھاتووە، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو لە ھەمان خول و یاری نێوان ھەمان دوو یانەدا ژمارەیەک ھاندەری تری کورد چوونە ئەو وڵاتە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە وەرزشییە نیگەرانە لە گرانی و بەرزبونەوەی نرخی بلیتی یارییەکە لە ھەرێم "بەداخەوە نرخی بلیتی یارییەکە لەھەرێمی کوردستان و لەبازاڕی ڕەشدا بەشێوەیەکی گرانتر دەفرۆشێتەوە و نرخەکەی گەیشتۆتە ٥٥٠ دۆلار، ھەروەھا بلیتی گەشتی فرۆکەش بۆ ٧٥٠ تا ٨٠٠ دۆلار بەرز بۆتەوە، لەکاتێکدا پێشتر ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار بووە".لەلای خۆیەوە (تاھیر عەبدوڵا) بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی سلێمانی بە AA گوت "ھەفتانە لە شاری سلێمانییەوە ٩ گەشتی چوون و ھاتن بۆ وڵاتی تورکیا ئەنجام دەدرێت و ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران لەو ڕێگەیەوە گەشت دەکەن"..