وشکەساڵیی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرهەمی گەنم دروستکردووە
بەشێک لە جووتیاران بۆ پێگەیشتنی گەنم پشتیان بە ئاوی باران و بەشێکی دیکەش پشتیان بە ئاودانی دەستکرد بەستووە و ئەمەش وایکردووە کە دوو برا لە گوندێکی دەشتی شەمامک لە هەولێر، زەوییەکانییان بۆ باران و ئاودانی دەستکرد دابەش بکەن.

Arbil
هەولێر - AA
گۆڕانی ئاو و ھەوا لە جیھاندا، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دروست کردووە چونکە بووەتە هۆی کەمبارانیی و ئەمەش شێی خاک کەم دەکاتەوە و گەشەکردن دەوەستێنێت.
گەنم یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە ساڵانە زۆرینەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بۆ تەرخان دەکرێت و جووتیارانیش ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم دەست بە چاندن دەکەن و لە مانگی ئایاردا وەرزی دروێنە ئەنجام دەدەن ئەمە بەپێی شوێنی جوگرافی لە نێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە.
بەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێم کەوتوونەتە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییان لەسەرە، بۆیەش ساڵانە لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا، بە نەبوونی باران و وشکەساڵییەوە بەدیار دەکەوێت.
لە هەرێم نزیکەی سێ ملیۆن مەتر زەوی، کشتوکاڵی تێدا دەکرێت و بەشێکی زۆریان بۆ چاندنی گەنم تەرخانکراوە کە ساڵانە بۆ گەشەکردنی پێویستی بە ئاوێکی زۆر هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش بەشێک لە جووتیاران پشتیان بە ئاوی باران و بەشێکی دیکەش پشتیان بە ئاودانی دەستکرد بەستووە و ئەمەش وایکردووە کە دوو برا لە گوندێکی دەشتی شەمامک لە هەولێر، زەوییەکانییان بۆ باران و ئاودانی دەستکرد دابەش بکەن.
پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵ و شارەزا لە کەشوهەوا، دکتۆر لوقمان موفتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین زۆر کەم بوو بەراورد بە پار ساڵ، باران لەوەی ئێمە پێشبینیمان دەکرد کەمتر بوو، چونکە پێشبینینمان کرد بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ دیاردەی لانینایە، واتا لە ساڵانی لانینا کە پلەی گەرمای زەریای هێمن تۆزێک نزم دەبێت ئەوا بارانمان کەمترە، لە ساڵانی ئێل نینۆ (پێچەوانەی لانینایە)بارانمان باشترە، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی لانینایە پێشبینی کەم باراینیمان کرد بەڵام بەم ئاستە نا، بە تایبەت هەولێر و دهۆک بە پلەی یەک، دوایی ڕاپەڕین ئینجا گەرمیان کەرکوک هەڵەبجە و سلێمانی".
لەبارەی زیانەکانی بەرهەمهێنانی گەنم بەهۆی کەمبارانییەوە، دکتۆر لوقمان موفتی گوتی: "هەتا ئێستا داتای تەواو نیە چونکە دروێنە نەکراوە و وەرزی بارانبارین تەواو نەبووە، هەندێک شوێنمان هەیە کە پێی دەڵێن بارانی مسۆگەر واتا لەم شوێنانە کێشەی گەنم و کشتوکاڵ نابێت، بەڵام ئەمساڵ لەم شوێنانەش کێشە هەیە، وەکو ناوچەی ئاکرێ، قەزای هەریر و دەشتی کۆیە، هەروەها دەشتی بتوێن و پشدەر و تا دەگاتە قەزای چەمچەماڵ، ئەوانە ناوچەی مسۆگەرن و کەم ساڵ هەبووە کێشەیان هەبێت، بەڵام ئەمساڵ ئەوانیش کێشەیان هەیە".
دکتۆر لوقمان موفتی گوتیشی: "دەتوانین بڵێین لە هەولێر و دهۆک بەروبوومی دێمی (ئەوانەی پشت بە ئاوی باران دەبەستن) فەوتاوە، ئەوانەیشی کە ناوچەی مسۆگەرن ڕەنگە سەدا ٧٥ بەربووبوومەکانییان زیانی هەبێت لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان".
ئەو پسپۆڕەی سیاسەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر لەوەڕگاکان کرد و گوتی: "ئەم کەشوهەوایە کاریگەریی لەسەر لەوەڕگاکانیش کردووە، لەوەڕ بۆ ئاژەڵ زۆر خراپە و خاوەنەکانییان خەرجیان لەسەر قورستر بووە".
لەبارەی ئەگەری وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دکتۆر لوقمان موفتی گوتی: "لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان وشکەساڵی گەورە هەبووە و لە ساڵانی ٢٠٠٠ بە دواوە ماوەی وشکەساڵییەکە گۆڕاوە وایلێهاتووە سێ ساڵی بەدوای یەکتر وشکەساڵی هەبێت، لە ٢٠٢١ بە دواوە جارێکی دیکە سێ ساڵ لە دوای یەکتر وشکەساڵیی هەبووە کە پێشتر بەم جۆرە نەبووە بەشێوەیەک سێ ساڵ لەسەر یەکتر وشکەساڵی هەبێت، ئەمە پێشهاتێکی نوێیە".
لە گوندی باقرتەی سەر بە دەشتی شەمامک دوو برا زەوییەکانییان دابەشکردووە بۆ ئاودان بە باران و ئاودانی دەستکرد، لە ئێستاشدا بەهۆی کەمبارانییەوە یەکێکیان وشک و ئەوەی دیکەشیان کەمێک سەوزترە و چاوەڕوانی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینن بۆ ئەوەی گەنمی ئاودانە دەستکردەکە گەشە بکات و بتوانن لە مانگی حوزەیران دەست بە دروێنەی بکەن.
جووتیاری گوندی باقرتە، خەلیل عەبدولقادر کە پشتی بە ئاوی باران بەستووە و بەهۆی کەمبارانییەوەش دەنکە گەنمێکی گەشەی نەکردووە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانی ڕابردوو بارانبارین باش بوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە گەنمەکان سەوز نەبوون، لەم پارچە زەوییە کە ٤٠ دۆنمە نزیکەی شەش ملیۆن دینار خەرجیم کردووە بەو ئومێدەی ساڵێکی باش بێت و بتوانم گەنمەکە بدوورمەوە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە هەمووی فەوتا و هیوایەک نەما بۆ پێڕاگەیشتنی گەنمەکان".
ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانی ڕابردوو هەر دۆنمێک زەوی، نزیکەی یەک تۆن گەنم بەرهەمی بووە، بەڵام ئەمساڵ ئەوانەی پشتیان بە ئاوی باران بەستووە، بێهوابوونە لە پێڕاگەیشتنی گەنمەکە و ئەوانەیشی پشتیان بە ئاوی دەستکرد بەستووە، بەشێکی زۆری گەنمەکە لەدەست دەدەن و گلەییش لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی تا ئێستا هیچ کەسێک سەردانی جووتیارانی نەکردووە و هەڵسەنگاندن بۆ زەرەر و زیانەکانی ئەمساڵ نەکراوە.
هاوکات جەلیل عەبدولقادر کە پشتی بە ئاوی دەستکرد بەستووە، زەوییەکەی تا ڕادەیەک سەوزە و هیوای گەشەکردنی گەنمەکانی هەیە و چاوەڕوانی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین دەکات و ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە لەچاندنی جۆری گەنمەکە وردبن و باشترە ئەوانەی ئاوی کەمتر پێویستە، پچێندرێت.
لەمبارەیەوە جەلیل عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە ئەمساڵ وشکەساڵییە، لەماوەی تەمەنی خۆم، پێنج بۆ شەش ساڵ وشکەساڵی هاوشێوەم بینیووە، ئەم وشکەساڵییە زیانێکی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت، چونکە خەڵکی دەشت، سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و پشت بە باران دەبەستێت، ئەمساڵ ئەو زەوییانەی پشتیان بە باران بەستبوو بەداخەوە تووشی زیانێکی زۆر بوون، من مەڕەشەم داناوە (ئاودانی دەستکرد)، ئەمساڵ حکوومەت ڕێگای دا بیری ئاو لێ بدەین و لەم ڕێگایەوە توانیمان زەوییەکان ئاو بدەین، هەرچەندە بیرەکانیش تووشی کەم ئاویی بوونە، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٥ بە قوڵایی دە مەتر دەگەیشتە ئاو، ئەمساڵ دابەزیووە بۆ ٧٥ مەتر و ئەمەش مانای وایە ئاوی ژێرزەویی زۆر دابەزیووە".
لەبارەی جۆری گەنمەکانیشەوە، جەلیل عەبدولقادر گوتی: "گەنم چەند جۆرێکی هەیە، بەڵام وا باشترە ئەو جۆرەیان بچێندرێت کە لەگەڵ ئاو و هەوای ناوچەکە بگونجێت، گەنمی ئەدەنە باشترینە بەهۆی ئەوەی ئاوی کەمی پێویستە و لەگەڵ کەشوهەوای ئێرە دەگونجێت، هەروەها ئەگەر پڕۆسەی چاندن تا دروێنە بە جوانی خزمەت بکرێت ئەوا هەر دۆنمێک زەوی، یەک تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت".
ساڵانە حکوومەتی عێراق بڕێک لەو گەنمە لە جووتیاران وەردەگرێت بەڵام بە گوتەی ئەم جووتیارانە، جیاوازی لە نێوان جووتیارانی هەرێم و عێراق دەکرێت لە ڕووی بڕی وەرگرتن و لەمبارەیەوە جەلیل عەبدولقادر گوتی: "ساڵانە حکوومەتی عێراق گەنم لە جووتیاران وەردەگرت بەڵام جیاوازییەکی زۆر دەکات، بۆ نموونە ساڵی پار ٧٥ تۆن گەنمم بەناو بوو، ڕەزامەندی ١٨ تۆن گەنمم بۆ هاتەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق لێم وەربگرێت، جیاوازییەکە ئەوەیە حکوومەتی عێراق بۆ جووتیارانی هەرێم، بۆ بڕی یەک تۆن گەنمی بەرهەمهاتبوو، ٣٠٠ کیلۆ گەنم وەردەگرێت، کەچی خەڵک دەناسم لە سنووری دەرەوەی هەرێم بۆ یەک دۆنم زەوی، یەک تۆن گەنمی لێ وەرگیرایە، لەم حاڵەتەدا گەنمی جووتیارانی هەرێم زۆر دەمێنێتەوە و ناچارین بە نیوەی نرخ لە بازاڕ بیفرۆشینەوە".
جەلیل عەبدولقادر گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو حکوومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنمی بە ٨٥٠ دینار لە جووتیاران وەرگرت، ئەوەی مایەوە دەبوو لە بازاڕ بە هەرزانتر بیفرۆشین، بۆ نموونە من لە بازاڕ هەر تۆنێک گەنمم بە ٤٠٠ دینار فرۆشت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ دیسان حکوومەتی عێراق زوڵمێکی دیکەی لە جووتیاران کردووە بەوەی بۆ هەموو هەرێم ڕەزامەندی وەرگرتنی ٤٠٠ تۆن گەنمی داوە لە کاتێکدا بە تەنیا بەرهەمی هەولێر زیاترە لەو بڕە، ئەمە ئەو جیاوازییەیە کە حکوومەتی عێراق دەیکات".
لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵیش بۆ قەرەبووکردنەوەی جووتیاران، جەلیل عەبدولقادر گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بێ پلانە، چونکە دەبوو ئێستا ڕووپێیوویەک بکات بزانێت چەند دۆنم زەوی بەهۆی وشکەساڵییەوە تووشی زیان بووە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی لەمبارەیەوە نەناوە و جووتیارانی پشتگوێ خستووە".
ساڵانە لە مانگی ئایاردا، وەرزی دروێنە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و وادەی چاندن و دروێنەکردن بەپێی شوێنی جوگرافی لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی دیکە جیاوازییەکی کەمی ھەیە.
وەرزی چاندن لە مانگی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات و لە مانگی ئایاردا، دروێنەوە ئەنجام دەدرێت و جووتیاران ئامێری دەڕاسە بەکاردەھێنن بۆ دروێنەکردنی گەنم و جۆ.
لە دەوروبەری شاری ھەولێر چەند دەشتێکی پان و فراوان ھەیە، ئەم دەشتانەش چەند ناوێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە وەک دەشتی شەمامک، بەڕانەتی، ملکییە، قەراج و کەندێناوە کە خاکەکەیان بۆ کشتوکاڵ بە پیتن و دانەوێڵەکانی ناوبانگیان دەرکردووە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن