Hawkar Yaseen
24 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2020
هەولێر AA
بەپێی نووسراوێکی نهێنی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵح لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لە چەند شوێنێک، بۆری نەوتی کوردستان کون کراوە و چەند تۆمەتبارێکیش دەستگیرکراون.

بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ کە واژووی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەدی لەسەرە و ئاراستەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کراوە لە وەڵامی پرسیارێکی پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵح کە پێشتر پرسیاری کردبوو (تا ئێستا لە چەند شوێن بۆری نەوت کون کراوە؟ چ رێکارێکتان گرتووەتەبەر؟)، دەڵێت "سەبارەت بەناوەڕۆکی هاوپێچی نووسراوی سەرەوەتان کە دەقی پرسیاری بەڕێز پەرلەمانتار (عەلی حەمەساڵح) ئاراستەمان کراوە؛ ئاگاداری بەڕێزتان دەکەینەوە لەبەر گرنگی بابەتی کونکردنی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکان بەدواداچوونی بەردەوام و لێکۆڵینەوە لە کەیسی کۆنکردنی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن و توانرا چەند شوێنێک دەستنیشان بکرێت".
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ناحیەی قوشتەپە/گوندی دۆڵەبەکرە و لە سنووری دیبەگە و گوندی نوغەران لە نزیک گوێڕ و لە سنووری پارێزگای دهۆک-یش لە قەزای سێمێل، بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کونکراوە و توانراوە لە هەردوو پارێزگاکەیش چەند تۆمەتبارێک دەستگیربکرێن و کەیسەکانیان لە دادگای لێکۆڵینەوەیە".
عەلی حەمەساڵح لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت "پاش کۆکردنەوەی زانیاری لە 6-01-2020 دەستمان کرد بە بەدواداچوونی فەرمی بۆ کونکردنی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چەند شوێنێک لە پارێزگای هەولێر و دهۆک، دوای زیاتر لە حەوت مانگ ئەنجامی پرسیارەکانم بۆ دۆسیەکە بەدەست گەیشتەوە".
نووسیویشیەتی "چەندین بەڵگەنامەی یاسای دۆسیەکەمان لەبەردەستە، بەدواداچوونیش دەکەین بۆئەوەی تاوانباران و ئەوانەشی لە پشتیانەوە بوون سزای یاسایی وەربگرن".