Sarmand Hameed
15 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2021
ئیستانبوڵ - AA
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، مەزهەر محەمەد ساڵح رایگەیاند، قەرزە ناوخۆیی و دەرکییەکانی سەر وڵاتەکەی گەیشتووەتە ١١٣ ملیار دۆلار کە ٤٠ ملیار دۆلاری قەرزی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی رابردووە.
مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگەیاند، قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق بەهۆی شەڕی دژبە داعش کەڵەکەبوو، ئەو قەرزانەی کە لە رێگای سندووقی پەرەپێدان لەلایەن چەند سندووقێکی جیهانییەوە پێشکەش کراوە گەیشتووەتە ٢٣ ملیار دۆلار کە دەبێت بدرێتەوە.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری روونیکردەوە کە حکوومەت ٥٠ ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆیی لەسەرە لەگەڵ قەرزە هەڵپەسێردراوەکانی هەشت وڵات لەنێویاندا ئێران و سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و کوێت کە بڕەکەی ٤٠ ملیار دۆلارە، و راشیگەیاند، ئەو وڵاتانە نایانەوێت قەرزەکانیان لەسەر عێراق رەش بکەنەوە وێڕای ئەوەی کە ملکەچن بۆ یانەی پاریس.
پێشتر ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە یانەی پاریس لە ساڵی ٢٠٠٤، بڕیاریاندا بە سڕینەوەی لەسەدا ٨٠ی قەرزەکانیان لەسەر عێراق کە لەوەتەی نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە کەوتبووە سەری، بەمەش کۆی ئەو قەرزانە لە ٣٨.٩ ملیار دۆلارەوە بۆ ٧.٨ ملیار دۆلار دابەزی.
لە ساڵی ١٩٩١، لیژنەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوە پێکهێنرا و بەغدا پابەندکرا بە پێدانی ٥٢.٤ ملیار دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی کارمەندانی کۆمپانیاکان و رێکخراوە حکوومییەکان، ئەوانەی کە بەهۆی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە زیانیان پێگەیشت.