سلێمانی
لە عێراقدا تەنها دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی هەیە (دۆرە لەبەغدا ، بێجی لە تكریت) هەموو فرۆكەخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش لەو دوو وێستگەیەوە سوتەمەنی تایبەت بە فرۆكەیان پێدەگا.
لە دوای دەستپێكردنی هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئسلامی لە عێراق و شام و دەستبەسەرداگرتنی چەند شارێك، ئەو دوو وێستگەیە لەكار كەوتوون و ڕێگای هاتنی سوتەمەنیش لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان داخراوە، ئەوەش كاریگەری كردۆتە سەر دابینكردنی سوتەمەنی.
بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی سلێمانی تاهیر عەبدوڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش دروستبوونی ئەو دۆخە بڕێك سوتەمەنیمان لە فرۆكەخانە هەڵگرتبوو، لەگەڵ دروستبوونی ئەو دۆخە و نەهاتنی سوتەمەنی بۆ فرۆكەخانەکە، چەند ڕێوشوێنێكی پێویستمان گرتەبەر، لەوانەش ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیاكان لەوەی ئەو فرۆكانەی لەناو عێراق یان وڵاتانی نزیكی عێراقەوە دێن، بڕێكی زیاتر بەنزین هەڵگرن تا وەكو لە سلێمانی پێویستیان بە بەنزین نەبێ. بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە کە ئەو فرۆكانەی كە لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە گەشت دەكەن بۆ سلێمانی ئەوان پێویستیان بە بەنزین دەبێ. ئەو بڕە بەنزینەی هەڵمان گرتووە، تاماوەیەك بەردەوام دەبێ، دوای ئەوە ئەگەر قەیرانەكە بەردەوام بێ جۆرێك لە كێشە بۆ گەشتەكان دروست دەبێ."
بەپێی بڕگەیەكی گرێبەستی نێوان فرۆكەخانەكە و ئەو كۆمپانیایەی سوتەمەنی بۆ فرۆكەخانەكە دابین دەكا، باس لەوە دەكا ئەگەر سوتەمەنی لەناو عێراقدا دەست نەكەوت پێویستە كۆمپانیاكە لەدەرەوە پەیدای بكا، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیاكە لەهەوڵدایە و لەگەڵ وڵاتێكی دراوسێ گەیشتۆتە ڕێكەوتن بۆ هێنانی بەنزین.
تاهیر عەبدوڵا نەیشاردەوە كە چەندین جار داوایان لەبەرپرسانی هەرێم كردووە بۆ هەوڵدان بۆ دابینكردن و دروستكردنی بەنزینی فرۆكە لە پاڵاوگە و وێستگەكانی كوردستاندا، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو جۆرە سوتەمەنییە بەرهەم بهێنرێ.
لەبارەی كاریگەری دۆخی ئێستای عێراقەوە لەسەر ژمارەی گەشتەكانی فرۆكەخانەكە، گوتی: "ئەو دۆخە كاریگەری لەسەر زیادكردنی گەشتەكانمان كردووەو ژمارەیەكی زیاتری هاوڵاتیانی عێراقی هەوڵی گەیشتن بەناوچە ئارامەكانی هەرێمی كوردستان دەدەن، لەهەفتەی یەكەمی دۆخەكەشدا قەرەباڵەغییەكی زۆر لەسەر فرۆكەخانەكە دروست بووە، ژمارەی گەشتەكانیش لەشاری بەغداوە بۆ سلێمانی بۆ پێنج گەشت لە ڕۆژێكدا زیادی كرد."
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دەستەی فرۆكەوانی عێراقییەوە فرۆكەخانەی سلێمانی بەیەكەمین فرۆكەخانە لەسەر ئاستی عێراق دەستنیشان كرا، تاهیر عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەكا تائێستاش ئەو پلەیەیان پاراستووە "فرۆكەخانەی سلێمانی تا ئێستاش بەهەمو بەڵگەكانی بینراو بیستراو لە پێش هەمو فرۆكەخانەكانی تری عێراقەوەیە لە روی سیستم و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانەوە."
لە فرۆكەخانەكەدا پەیمانگای فرۆكەوانی عێراقی لقێكی خۆی كردۆتەوە بۆ پێگەیاندنی كارمەندان، بەگوتەی بەرێوەبەری فرۆكەخانەكە كردنەوەی ئەو پەیمانگایە كاردانەوەی باشی هەبووە لەسەر فرۆكەخانەكە و كردنەوەی خولی ڕاهێنان لەهەموو ئاست و سێكتەرەكان بۆ كارمەندان و تاكە پەیمانگایەكی لەو شێوەیەیە لە عێراقدا.
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "لەبەرنامەماندایە ئەو سەنتەری ڕاهێنانە لە ئایندەدا بكەنە پەیمانگایەكی پڕۆفیشناڵ لەسەر ئاستی كوردستان هاوشێوەی پەیمانگا جیهانییەكان بۆ پێگەیاندنی كارمەندان."
فرۆكەخانەی سلێمانی هەفتانە نزیكەی 100 گەشتی نێودەوڵەتی و 15 گەشتی لەناوخۆی عێراقدا هەیە، هەروەها هەفتانە هەشت تا 10 گەشت بۆ شاری ئەستەنبوڵی توركیا ئەنجام دەدا.