Zana Natık Kerem
29 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2023
ھەولێر – AA
عێراق و تورکیا لەسەر کاراکردنی لیژنە ھاوبەشەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی نێوانیان لەبارەی زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پتەوترکردنی وەبەرھێنانی ھاوبەشی نێوانیان ڕێککەوتوون.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی بازرگانی و کەرتی تایبەتی عێراق لەگەڵ شاندێکی تورکیا لە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووریی، بازرگانی، وەبەرھێنان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی نێوان ھەردوو وڵات ئەنجامدراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بازرگانیی عێراق، ئەسیر غرێری سەرۆکایەتی شاندەکەی وڵاتەکەی کردووە و لەبەرامبەردا، وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات سەرۆکایەتی شاندەکەی وڵاتەکەی کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بازرگانیی عێراق، ئەسیر غرێری ڕایگەیاندووە: "لەلایەن سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی، رێنماییمان پێدراوە، لەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگرن لە پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانی، ئابووریی و وەبەرھێنانمان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەین، ھەروەھا کەشێکی باش بۆ بازرگانی و زیادکردنی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا برەخسێنین".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەسیر غرێری لە کۆبوونەوەکەدا، باسی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگە کۆمپانیا تورکییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە بوارەکانی پیشەسازی، خزمەتگوزاریی و بوارەکانی دیکە ڕوو لە عێراق بکەن و گوتوویەتی: "دەمانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ تورکیا زیاتر بکەین".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە کە سوورن لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق بۆ بەرزترین ئاست لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لە کەرتەکانی بازرگانی و وەبەرھێنان و بەڵێندراێتیی بەرز بکەنەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە دەتواندرێت ھەنگاوی باش بنرێت کە بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی و وەبەرھێنانی ھاوبەش لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە تەوەریکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا لەسەر کاراکردنی لیژنە ھاوبەشەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکان لەبارەی زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پتەوترکردنی وەبەرھێنانی ھاوبەشی نێوانیان ڕێککەوتوون.