Hemn Baban
14 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2019
ھەولێر - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیروان میرزا رایگەیاند "ھەرێم رۆژانە بڕی ٤٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات وەکو ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە لێژنەکەی ئەوانی راگەیاندووە".
شێروان میرزا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زانیارییەکانی کۆبوونەوەی لێژنەکەیان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت تاوتوێی پرسی نەوتی ھەرێمی کوردستانیشیان کردووە.
شیروان میرزا گوتی: "ئێمە لە چوارچێوەی پرسی بوودجەی گشتیی عێراق لە لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزارەت و دەستەکان دادەنیشین و کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرسی پەیوەست بەو بابەتەوە و لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، سامر غەزبان کۆبووینەوە و باسی مەلەفی نەوتی عێراقمان بەگشتی کرد و لەنێویشیدا باس لە دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کرا، دەربارەی نەوتی ھەرێم و ئەو بڕەی ھەناردەی دەکات و داھاتەکەی، وەزیری نەوت گوتی بەڕەسمی ھیچ زانیارییەکییان لەسەر دۆسیەی نەوتی ھەرێم لە لا نییە، تەنھا ئەوە نەبێت کە ھەرێمی کوردستان خۆی رایگەیاندووە کە رۆژانە بڕی ٤٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، ئەگەرنا بەپێی قسەی وەزیری نەوتی عێراق ھیچ زانیارییەکی دیکەیان لەسەر ئەو پرسە لە لا نییە، ئێمە لە لێژنەی دارایی پشتگیریی ئەوەمان کرد کە پێویستە نەوتی ھەرێم شەفاف بێت و داھاتەکەی دیار و روون بێت، ھەروەھا ئەو شایستە داراییانەی کە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر بەغدا، حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە دانیان بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان میرزا لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر لەسەر دۆسیەی نەوتی ھەرێم قسەیان کردووە و گوتی: "وەزیری نەوت و ئێمەش لە لێژنەی دارایی پێمان وایە دەبێت ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیش بەو بوودجەیەوە پابەندبن، ئەوەی لەبارەی ھەرێمەوە ھاتووە کە رۆژانە بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی لە رێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)وە تەسلیمی بەغدا بکات و داھاتی فرۆشتنی زیادە نەوتیشی رادەستی بەغدا بکاتەوە، لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی ھەرێم گەرەنتی کراو بێت و ئەوەی لە پڕۆژە بوودجەکەدا ھاتووە بەغدا پابەندی دانەوەی بێت بەھەرێمی کوردستان".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان میرزا ئەوەشی گوت "وەزیری نەوتی عێراق بەباشی زانیوە ھەریەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش پابەندبن بەوەی لە پڕۆژە بوودجەی ٢٠١٩ی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی نەوت ھاتووە".
سەبارەت بە نەوتی عێراقیش بەگشتی شیروان میرزا روونیکردەوە "حکوومەتی عێراق و وەزیری نەوت پشتیوانی لەوە دەکەن نەوتی عێراق وەبەرھێنانی زیاتری تیادا بکرێت، دیارە عێراق پابەند دەبێت بە کەمکردنەوەی ئاستی ھەناردەکردنی بڕی ئەو نەوتەی ھەناردەی دەکات وەکو ئەوەی لەنێو رێکخراوی ئۆپیکەوە لە لایەن وڵاتانی ئەندام تیایدا بڕیاری لەبارەوە دراوە، وەزیری نەوت ئەوەی گوت کە عێراق پابەندی ئەو بڕیارە دەبێت، ھەروەھا پێویستە ھەرێمی کوردستانیش پابەندی ئەو بڕیارە بێت، ھەموو ئەوەش لە پێناوی ئەوەی کە نرخی نەوت زیاتر لە ئێستا دانەبەزێت".
شێروان میرزا گوتیشی: "عێراق وەکو ئەوەی لە پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠١٩دا ھاتووە، رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٨٨٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات".
لەمەڕ نرخی یەک بەرمیلی نەوتی ھەرنادەکراویشەوە کە وەکو لە بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩دا ھاتووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان میرزا رایگەیاند "عێراق بەپێی ئەو نرخەی کە لە پڕۆژە بوودجەی ئەمساڵدا ھاتووە بڕی ٥٦ دۆلاری وەکو خەمڵاندن دیاری کردووە بۆ نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەناردەکراو، دیارە پرسی نرخی نەوت شتێکی جیھانییە و لە بۆرسەی نەوتی جیھانی دیاری دەکرێت، بەڵام بەگشتی نرخی بەرمیلێک نەوت لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەروو ٦٠ دۆلارەوە بێت، وەک ئەوەی پێشبینییەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت ئاماژەی بۆ دەکەن".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان میرزا سەبارەت بە گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکان و وەبەرھێنانی پتر لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق روونیکردەوە "ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە عێراقدا کاردەکەن لە گرێبەستەکان بەردەوام دەبن، بەڵام وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی بۆ روونکردینەوە کە لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێران قسەیان کردووە لەسەر دوو کێڵگەی ھاوبەش کە دەیانەوێت کاری تیادا بکەن و ئەو دوو کێڵگەیە دەکەوێتە نێوان سنووری ھەردوو وڵات".
شێروان میرزا راشیگەیاند کە وەزیری نەوتی عێراق تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە دەیانەوێت چاکسازیی زیاتر لەنێو وەزارەتی نەوت بکەن و شەفافییەتی زیاتر لەسەر ئەم پرسە دەستەبەر بکەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان میرزا ئاشکراشیکرد کە وەزیری نەوتی عێراق گوتی وەکو چۆن رۆژانە زانیارییان لەسەر نەوتی عێراقەوە لە کێڵگەکانەوە پێدەگات پێویستە ئەو زانیارییانەی لەسەر نەوتی ھەرێمیشەوە پێیان بگات و گوتی: "ئێمە لە لێژنەی دارایی بڕیارە لێژنەیەکی بچووککراوە دروست بکەین بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، پێشنیاز ھەیە ئەو لێژنەیە لەگەڵ ھەرێمیشدا پرسەکان تاوتوێ بکات، بەڵام ھێشتا نەبووەتە بڕیار کە ئایا لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم دادەنیشن و کۆدەبینەوە یان لەگەڵ فراکسیۆنەکان گفتوگۆ دەکەین".
سەبارەت بە پرسی نەوتی کەرکووکیش ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیروان میرزا کە لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە رایگەیاند "نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە دەکرێت و حکوومەتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەیفرۆشێت، ئێستا حکوومەتی عێراق نزیکەی ٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە ھەناردەکات، عێراق بەنیازە ئەو بڕە نەوتە بۆ نزیکەی ١٠٠ ھەزار بەرمیل زیاد بکات".