Ekrem Payan,Faruk Küçük
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2022
شرنەخ - AA
لە پارێزگای شرنەخ، بەهۆی هاوکاری دەوڵەتەوە ٣٨ خانم لە دوو ساڵی رابردوودا بوونەتە خاوەنی کاری خۆیان.
سەرۆکایەتی ئیدارەی پشتیوانی و پەرەپێدانی پڕۆژەی کاری بچووک و مامناوەند (KOSGEB) هاوکاری خانمانی شرنەخ دەکات تا ببنە خاوەنی کاری خۆیان.
لەو میانەیەشدا سەرۆکایەتییەکە لەڕێی دابین کردنی ئامێر و پێدانی قەرزی بێسووەوە لە دوو ساڵی رابردوودا هاوکاری ٣٨ خانمی کردوە تا ببنە خاوەنی کاری خۆیان.
بەڕێوبەری لقی شرنەخی (KOSGEB)، عومەر گونگۆر لە لیدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە دەوڵەت پشتیوانی لە هێزی کاری خانمان دەکات و رایگەیاند "لە چەند ساڵی رابردوودا لەڕێی ئەو هاوکارییەی خانمان وەریان گرتووە، کەسانێکی زۆر لە ناوچەکەدا خراونەتە سەر کار. کاتێک خانمێک دەبێتە خاوەنکار ئەوا هێزی کاری خانمان و دامەزارندنی خانمانی دیکەش، زیاد دەکات. ئەو خانمانەشی داوای هاوکارییان کردوە بۆ ئەوەی کاری تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، دوای وەرگرتنی مەشق، ئێمە ئامێر و کەرەستەی پیویستییان بۆ دابیندەکەین. ئەوانەی دەیانەوێت دوکانی تایبەت بەخۆیان بکەنەوە ٥٠ هەزار لیرەیان وەک سولفە پیدەدەین. هەروەها پێدانی سولفەی تایبەت بە کڕینی ئامێرەکان لە ٧٠ هەزارەوە دەستپێدەکات و تا ٣٧٥ هەزار لیرەیە".
یەکێک لەو خانمانەی کە بوونەتە خاوەنی کاری خۆیان، ناوی خەیاڵ ئەرکانە و پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستی بە بەرهەمهینانی قاوەی قەزوان کردوە. لە ئێستادا دوای وەرگرتنی هاوکاری لە حکوومەت سەدان کیلۆ قاوە بەرهەمدەهێنێت و تەنانەت بە شێوەیەکی فەرمیش "بەڵگەنامەی تۆمار کردنی مارکەی تایبەت بە خۆی" بەدەستهێناوە.
لە ئێستادا ئەو خانمە، قاوە هەناردەی شوێنە جیاجیاکانی تورکیا و جیهان دەکات و ئامانجیشییەتی لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەکەی گەورەتر بکات و کەسانێکی زیاتر دابمەزرێنێت.
خانمێکی دیکەی شرنەخ بە ناوی جاهیدە ئوغور، پێنج مانگ بەر لە ئێستا شوێنکارێکی تایبەت بە خۆی کردوەتەوە و سەرقاڵی کاری درومانە، لە ئێستادا ٣٥ کارمەندی هەیە، ئامانجییەتی لە دوو ساڵی ئایندەدا ژمارەی کارمەندەکانی بۆ ١٠٠ کارمەند بەرز بکاتەوە.