Hemin Hüseyin
16 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2017
هەولێر- AA
لەسەر بانگهێشتکردنی وەزارەتی بازرگانی تورکیا، وەزیری پلاندانانی هەرێمى كوردستان، عەلی سندی سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ وەزیری بازرگانی تورکیا، نیهاد زەیبەکچی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەلی سندی ئاماژەی بە هۆکاری سەردانەکە و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش کرد.
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، عەلی سندی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەگەڵ وەزیری بازرگانی تورکیا، نیهاد زەیبەکچی کۆبووینەوە و لەبارەی چەندین بوار گفتوگۆمان کرد و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش بواری بازرگانی بوو، هەرچەندە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بابەتێکی تازە نییە چونکە جووڵەی بازرگانی بەردەوامە و باسی ئەوەمان کرد کە پێویستە ئاسانکاری بۆ یەکتر بکرێت".
عەلی سندی گوتیشی: "سەبارەت بە جووڵەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ گەورەترین جووڵەی بازرگانی هەبووە بە پلە یەک لەگەڵ ئەڵمانیا و دواتر لەگەڵ بەریتانیا و دواتر لەگەڵ هەرێم و عێراق و کە بڕەکەی دە ملیار دۆلاربووە، هەروەها تا کۆتایی مانگی حەوتی ساڵی ٢٠١٧، تورکیا ٥ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە".
سەبارەت بە مامەڵە و جۆری پەیوەندییەکانیش، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، عەلی سندی گوتی: "مامەڵەیەکی ئاسایی ودۆستانەیە تەرکیزمان لەسەر بابەتی بازرگانی کردووە، جگە لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل، مەرزێکی تازەش کرایەوە کە ئەویش هاریکار دەبێت و کۆمەڵێک گرفت چارەسەر دەکات و هەرچەندە باوەڕم وایە بەهۆی هەندێک هۆکار جووڵەی بازرگانی لەوێ کەم بێت چونکە هێشتا بابەتی ئەمنیی ناوچەکە ماوە".
عەلی سندی ئاماژەیشی بەوەکرد کە جگە لە سنووری ئیبراهیم خەلیل، مەرزێکی دیکەش دروستکراوە و رەنگە مانگی ئەیلوول بە فەرمیی بکرێتەوە.
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕی لەمەڕ هەبوونی گومرکێک لە نزیک شاری بەغدا و ئەمەش وایکردووە کە بازرگانانی تورکیا و هەرێم بێزار بکات بە هۆی وەرگرتنی باج و گومرک لە بازرگانان و گوتی: "لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق هەندێک رێککاری گرتووەتەبەر کە کاریگەری لەسەر جووڵەی ئابووری هەبووە، بۆ نموونە گومرکێک لە نزیک بەغدا هەیە پێی دەڵێن گومرگی سەفڕان لە ناوچەی عوزێم، لەوێ باج و گومرک وەردەگرن و شێوازێکی ناڕێکی هەیە و لایەنی تورکیا گلەیی هەیە و ئەمەش لەدەستی ئێمەدا نییە و ئێمەش هەمان گلەییمان نیشانداوە و پێشتریش لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق رامانگەیاندووە کە دەبێت ئەو گومرکە نەمینێت".