Heman Hussein Yaseen
18 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
شاندێکی بازرگانی ھەرێمی کوردستان بە سەردانێک لە تورکیایە و بەشداری لە کۆڕبەندێکی ئابووری دەکەن و زنجیرەیەک دیداری بازرگانی لە چەند شارێکی تورکیا ئەنجام دەدەن بە ئامانجی داڕشتنی پلانی بازرگانی بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کەرتی بازرگانی و ئابووری بدەن.
گوتەبێژی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، کاروان سورچی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شاندێکی بازرگانانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی سەردانی تورکیایان کردووە و رۆژی پێنجشەممە بەشداری لە کۆڕبەندێکی ئابووری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکەن".
کاروان سورچی گوتیشی: "شاندەکە رۆژی پێنجشەممە لە شاری مێرسین بەشداری کۆڕبەندێکی ئابووری دەکەن و رۆژی هەینیش سەردانی شاری ئادانا دەکەن و لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکی ژووری بازرگانی ئادانا کۆدەبنەوە و ئامانجیان ئەوەیە کە بتوانن لە ساڵی داهاتوو زیاتر پەرە بە کەرتی بازرگانی بدەن لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا".
شاندەکە بە سەرۆکایەتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە دەست بەکارەکانی دەکات و کۆڕبەندەکە ماوەی یەک رۆژ لە شاری مێرسین ئەنجام دەدرێت و رۆژی هەینیش شاندەکە سەردانی شاری ئادانا دەکات و دواتر دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.