Dildar Baykan,Muhammet Ali Kemal
15 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2019
نیویۆرک - AA
وەزیری وزەی سعوودیە، خالید عەبدولعەزیز فالح ئاماژەی ئەوەیدا ئەگەر بێت و خاوبوونەوەیەک لە ئابووریی جیهانییدا رووبدات، ئەندامانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، دەتوانن بەرهەمی رۆژانەی نەوت کەمبکەنەوە.
خالید عەبدولعەزیز فالح لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی CNN، وێڕای جەختکردنەوە لەوەی دابەزینێکی گەورە لە ئابوورییدا نابینێت، رایگەیاند "ئەگەر بێت و خاوبوونەوەیەک رووبدات، ئەوا ئەمە خابوونەوەیەکی بچووک دەبێت کە بازاڕی نەوت لە رێگەی ئەو رێکارانەی لە دابینکردندا دەیگرێتە بەر، دەتوانێت بە ئاسانی بەرەوڕووی ببێتەوە".
فالح تیشکی خستەسەر ئەوەی لە کانوونی یەکەمدا بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی رۆژانەی نەوتیان داوە و گوتی: "(لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکدا) بە شێوەیەکی رێکوپێک کۆدەبینەوە و چاودێریی بازاڕەکان دەکەین. ئەگەر پێویست بێت لە رۆژێکدا (کەمکردنەوە) لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار بەرمیل زیاتر بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە کۆدەبینەوە و ئەمەش ئەنجام دەدەین".
وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت کە رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە دیارییکردنی نرخی نەوتدا هەیە، رۆژی حەوتی کانوونی یەکەم لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندابوو لە یەکی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ەوە بڕی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا، وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک و ئەو وڵاتانەشی ئەندام نیین، سعوودیە ٥٠٠ هەزار بەرمیل، رووسیا ٢٢٨ هەزار بەرمیل و عێراق ١٣٩ هەزار بەرمیل بەرهەمی رۆژانەی نەوت کەمدەکەنەوە.