ھەولێر
بەپێی زانیارییەكانی راوێژكاری ئاسایشی ئابووری ھەرێم د.بێوار خەنسی، ھەرێم خاوەنی زیاتر لە ٦٠ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە، بەڵام بەهۆی كەمی پشكنینەكان تا ئێستا هەبوونی ٤٥ ملیار بەرمیل پشتڕاستكراوەتەوە.
راوێژكاری ئاسایشی ئابووری ھەرێم د.بێوار خەنسی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت و غاز رووپێوی زیاتر بۆ نەوت و غازی ھەرێم بكەن، پێشبینی دەكەین یەدەگی نەوت بۆ زیاتر لە ٦٠ ملیار بەرمیل بەرزببێتەوە. ئەگەر لەئایندەدا كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكەی نێوان عێراق و ھەرێم بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان، یەدەگی نەوت بۆ دوو ھێندە بەرز دەبێتەوە."
خەنسی كە بەیەكێك لەدیارترین شارەزا جیۆلۆجییەكانی نەوت و غازی ھەرێم دادەنرێ و بەشێك لەپسپۆڕییەكانی لەزانكۆكانی ھۆڵەندا تەواوكردووە، لەمبارەیەوە دەڵێ: "ژمارەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت و غاز ئەوانەی لەھەرێم كاردەكەن ٥٢ كۆمپانیایە، بە رووپێوی جیۆلۆجی و جیۆفیزیایی و پێكھاتەی جیۆلۆجی و ستراتیگرافی و ھەڵسەنگاندنی ئەمباری نەوت، گەیشتوونەتە ئەوەی كە یەدەگی نەوتی ھەرێم ٤٥ ملیار بەرمیل دەبێ و ئەمەش ئەنجامی كاركردنی پێنج ساڵمانە."
خەنسی پاساوی زانستیشی بۆ شیكردنەوەكانی دەھێنێتەوە و بەبێ دوودڵی گوتی: "ئەو كۆمپانیایانە بەقوڵایی سێ هەزار و ٧٠٠ مەتر بەدوای نەوتدا دەگەڕێن و دەریدەھێنن، بەڵام گەر لە قوڵاییەكی زیاتر لێگەڕان ئەنجام بدرێ ئەوا رێژەیەكی زیاتری نەوت لەھەرسێ پارێزگاكەی ھەرێم دەدۆزرێتەوە و پێشبینی دەكەم ھەرێم زیاتر لە ٦٠ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی ھەبێ."
ئەو پسپۆڕە جیۆلۆجییە لەدرێژەی قسەكانیدا گوتی: "لەھەرێمی كوردستان لەكۆی ٤٦ بلۆكی نەوتی، ئێستا كۆمپانیا بیانییەكان لە ١٤ كێڵگەدا نەوت بەرھەم دەھێنن كە رۆژانە دەتوانرێ ٣٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم بھێنرێ."
باس لەوەش دەكا كە بە ھاتنی ساڵی ٢٠٢٠ ھەرێمی كوردستان دەتوانێ ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز بكاتەوە.
ئەو قسانەی خەنسێ لەكاتێكدایە كە چوارشەممەی رابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و ھەرێم لەناویاندا دۆسییەی نەوت و غاز، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبەغدا لەگەڵ مالیكیدا كۆبوەوە و دواتر ھەردوولا ئاشكرایانكرد كە لەسەر ئەو دۆسیە گەیشتونەتەوە رێككەوتنێك.
هەرچەند ماوەی دەساڵە رژێمی پێشووی رووخاوە؛ بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی ھێز و پێكھاتەكان عێراق نەیتوانیوە یاسای نەوت و غاز دابڕێژێ و لەدەستوورە ھەمیشەییەكەشیدا بەروونی باس لەدەسەڵاتەكان بۆ گەڕان بەدوای نەوت و دەرھێنانی لەنێوان حكومەتی ناوەند و ھەرێم نەكراوە.
راوێژكاری ئاسایشی ھەرێم لەبارەی بۆریی گواستنەوەی نەوت و غازیشەوە دەڵێ توركیا ھاتووەتە سەر خەت بۆ چارەسەركردنی كێشە نەوتییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و ھەرێم و چاوەڕوان دەكرێ چارەسەر ببێ و گوتی: "پاش سەركەوتنی راكێشانی بۆڕی یەكەمی گواستنەوەی نەوت و غاز، ئێستا حكومەتی ھەرێم كار بۆ راكێشانی دوو بۆریی دیكە بۆ توركیا دەكا كە یەكێكیان بۆ ھەناردەكردنی نەوت و ئەوی دیكەشیان بۆ غاز دەبێ، پاش ئەوەی دەدرێتە كۆمپانیاكان، لە ساڵی ٢٠١٦ راكێشانی ئەو بۆرییانە تەواودەبێ."
بێوار خەنسی ئەوەشی گوت كە ھەرێمی كوردستان جگە لە نەوت، لە غازیشدا دەوڵەمەندە كە ئەوەی مەزەندەكراوە ٣ تا ٦ ملیار مەتری سێجا غازی ھەیە و گوتی: "ھەرێمی كوردستان رۆڵی لە ھێڵی نابۆكۆ دەبێ بە دابینكردنی بڕێكی باشی غازی سروشتیی بۆ ئەوروپا."
بێوار خەنسی ئاشكراشیكرد تا ئێستا حكومتی ھەرێم ٥٢ گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ زیاتر لە ٢٧ كۆمپانیای بیانی لە ٢٧ وڵات ئیمزاكردووە.
سەرەتای مانگی رابردوو ھەرێمی كوردستان سێھەمین كۆنفڕانسی نەوت و غازی بە ئامادەبوونی وەزیری وزەی توركیا تانەر یڵدز بەست كە تێیدا تەواوبوونی راكێشانی یەكەمین بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانییەوە راگەیەنرا و ئەوەش نیگەرانیی حكومەتی عێراقی لێكەوتەوە.