Abdullah Shukur
17 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2017
دەوحە - AA
کۆمپانیای غازی قەتەر (Qatargas)، رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای وزەی ئەورووپی شێڵ (Royal Dutch Shell) واژوو کرد و لەم چوارچێوەیەش وڵاتی قەتەر ھەموو ساڵێک بڕی ١،١ ملیۆن تۆن غازی قەتیسکراو ھەناردەی کۆمپانیای شێڵ دەکات.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی قەتەر، سەعد شەریدی ئەلکابی بە نووسراوێک بە کەناڵی فەرمی قەتەر QNA راگەیاند کە "ئەو رێککەوتنە نوێیە لە سەرتاسەری جیھان ھاوکار دەبێ لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ".
کابی راشیگەیاند کە کۆمپانیای غازی قەتەر بەردەوام دەبێ لە واژووکردنی رێککەوتنی نوێ و خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بە کڕیارەکانی دەکات.
لەلایەکی دیکەش لە ھەواڵەکەدا راگەیەنرا کە بەڕێوەبەری غازی قەتەر، خالید بن خەلیفە ئەلسانیش ستایشی رێککەوتنەکەی کردووە. ئەلسانی راشیگەیاندووە کە ساڵی داھاتوو کاری ھاوبەشی زیاتر لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ ئەنجام دەدەن.
چاوەڕێی ئەوە دەکرێ رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.