Heman Hussein Yaseen
04 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەشەپێدانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و بەبازاڕکردنی بەرھەمەکانی وەبەرھێنان، نووسینگەی بەبازاڕکردنی میدیایی دادەمەزرێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئینسکلۆپیدیای بازرگانی کە تیایدا چەند پانێڵێک پێشکەش دەکرێت بۆ ئەوەی ئەگەرەکانی بەردەم بازرگانی و وەبەرھێنان تاوتوێ بکرێت، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، محەمەد شوکری لە کۆنفڕانسەکەدا گوتی: "ئیستا یاسای ژمارە ٤-ی وەبەرھێنانی ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن دەستەیەکی تایبەتەوە گفتوگۆی لەسەرکراوە و دواتر راوبۆچوونەکان تاوتوێکراون، هەر بۆیە هەفتەی داهاتوو رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین و دواتریش ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بە مەبەستی هەموارکردنەوەی".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان محەمەد شوکری گوتیشی: "بەمەبەستی گەشەپێدانی کارەکانی وەبەرھێنان، دەمانەوێت ئەو پڕۆژانەی کە خراونەتەڕوو و، بۆ ئەوەی ناسینێکی ئەکادیمی میدیایی لە کوردستان ھەبێت بۆ پڕۆژەکانمان، ئەوا لە ھەفتەی داھاتوو کۆنفرانسێک سازدەکەین کە ناوەندە میدیاییەکان لەگەڵماندا ھاوبەش دەبن و، ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی دەکات بۆ ئەوەی لە رێگای دامەزراندنی نووسینگەی میدیایی لە دەستەی وەبەرھێنان کە ئەرکی سەرەکی دەبێت لە بە بازاڕکردن و، ئەو بازاڕکردنە کاریگەری دەبێت لەسەر چۆنییەتی گەشەپێدان و بەردەوامبوونی پڕۆژەکان".
هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکەدا محەمەد شوکری گوتیشی: "لە سیستەمی یەکپەنجەرەیی کارەکانی دەستەکەماندا ھەوڵی کەمکردنەوەی رۆتینمانداوە ئەویش بەھۆی ئەو ھەموو گلەیی و گازاندەی هەبووە کە ماوەی مامەڵەی وەبەرھێنەرێک زیاتر لە ساڵێکی خایاندووە بەو ھۆیەشەوە مامەڵەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە و ئەوەش بێگومان زیانی ھەبووە بەتایبەتی لە پڕۆژەی تازەی وەبەرھێناندا".
جێی ئاماژەیە بەپێی بەرنامەی کاری کۆنفرانسەکە، ئەم کۆنفڕانسە سێ پانێڵ لە خۆی دەگرێت کە تایبەتە بە پەرەپێدانی سێکتەری وەبەرھێنان و بیرۆکەکانی وەبەرھێنان لە هەرێمی کوردستاندا.