نووسینگەی کوردستانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، پەنابردنی ٦٠٠ ماڵبات لە پارێزگای ئەنبارەوە بۆ ھەولێر راگەیاند.
عەلیا حوسێن بەزاز، بەرپرسی نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "بەھۆی شەڕ و پێکادانەکانی پارێزگای ئەنبار، ژمارەیەکی زۆر ماڵباتی ئەو پارێزگایە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەڵاتوون، ئەوەشی تا ئێستا لە لایەن ئێمە لە پارێزگای ھەولێر تۆمارکراون زیاتر لە ٦٠٠ ماڵباتن کە ژمارەی ئەندامانی ھەر خێزانێک شەش کەسن، بەو پێیە زیاتر لە ٣٦٠٠ کەس دەبن، بەڵام ھێشتا زۆری دیکە ھەن نەھاتوون بۆ خۆ تۆمارکردن لای ئێمە."
بەزاز دەڵێ پێدەچێ مانەوەی ئەو خێزانانە لەھەرێم درێژە بکێشێ. ئێستا بەشی ھەر زۆریان لەناو شاری ھەولێر و شەقڵاوەن و بەشێکیشیان لەھۆتێل و مۆتێلەکاندا نیشتەجێن تا خانوویان دەست دەکەوێ.
رووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٦ کە بەشەڕی تایفیی نێوان سوننە و شیعە ناو دەبرێ، ھەزاران کەسی تێدا بوونە قوربانی. بێجگە لە سوتان و رووخانی دەیان مزگەوت و حوسێنییەی شیعەکان لەناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق. بە ھەزاران کەس لەو ناوچانە بەرەو ھەرێمی کوردستان ھەڵاتن و گیرسانەوە، ئێستاشی لەگەڵدابێ بەشی ھەرە زۆریان لەکوردستان دەژین.