
Arbil
دهۆک- AA
حوسێن عەبدوڵڵا جووتیارێکی ناوداری پارێزگای دهۆکە و، دەیان دۆنم زەوی لە باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە و پەرەی پێداوە و ئێستا زیاتر لە ١٧ جۆر ترێی لێ بەرهەم دەهێنێت.
حوسێن عەبدوڵڵا جووتیارێکی خەڵکی گوندی دێرگژنیکی سەر بە شارەدێی مانگێشکە لە پارێزگای دهۆک و، تەمەنی ١٣ ساڵ بووە کاتێک لەگەڵ باوکی دەستی بەکارکردن کردووە و، زیاتر لە بیست ساڵە کاری کشتوکاڵیی دەکات.
ئەو جووتیارە چەند ساڵێکە هەوڵی پەرەپێدان بە پیشەکەیداوە و، ئێستا زیاتر لە ١٧ جۆری ترێ بەرھەم دەھێنێت کە گرنگترینیان بریتییە ( حەلوانی، کەمالی، حجازی، زەرک، ڕێد گلوپ، میرانی، تایفی، کشمش، بیت مونی، یاقوت، فەرەنسی، ڕوومان، زەیتونی، ڕەشمیری، ڕەش مێو، سلێمانی ڕەش و، ئەڵمانی) و، ساڵانە چەندین تۆن ترێ دەخاتە بازاڕەوە، وەکخۆی دەڵێت ناوچەی دۆسکی ئاو و هەوا و خاکێکی گونجاوی هەیە بۆ چاندنی دارمێو، ئەوەش دەخاتەڕوو کە شەش دۆنم ڕەزی ترێ و خۆخی هەیە و ئەمساڵیش نزیکەی شەش تۆن ترێ دەخاتە بازاڕەوە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک ٢٠ هەزار دۆنم زەوی بە ترێ چێندراوە و بەپێی داتاکانی کشتوکاڵی دهۆک، سەرباری ئەوەی ئەمساڵ وشکە ساڵی بوو، بەڵام جووتیاران بەشێوەیەکی زانستی کاری ئاودانیان بۆ بەرھەمەکانیان کردووە، بۆیە مەزەندە دەکرێت بەرھەمی ترێ لە سنووری پارێزگای دھۆک، گەیشتبێتە ٦٠ ھەزار تۆن.
بەشێکی زۆر لە جووتیاران بەرهەمی ترێ دەکەن بە مێووژ و لەبازاڕ دەیفرۆشن، یەکێک لەوانەش حوسێن دێرگژنیکییە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "خواستێکی زۆر لە سەر مێووژ هەیە، ڕاستە ئێمە زۆر پێیەوە ماندوو دەبین تا ترێی دەکەین بە مێووژ، هەروەها پێنج کیلۆ ترێ دەبێتە یەک کیلۆ مێووژ، هەروەها شەربەتی سرووشتی لە ترێ دروست دەکەین، بە تایبەت لە جۆری ترێی ( ڕەش مێو، فەرەنسی، زەیتوونی، سلێمانی ڕەش)".
حوسێن گژنیکی داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکات کە پشتگیریی بەرهەمیی ناوخۆیی بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "داواکارم حکوومەت لە پشتگیریی بەرھەمی ناوخۆی بەردەوام بێت و ھەرکاتێک بەرھەمێکی ناوخۆ پێدەگات، ئەوا ئەو بەرھەمەی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت یان قەدەغە بکرێت، یان باجی بخرێتە سەر، بۆ ئەوەی جووتیاران زەرەر نەکەن و ئەمە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان".
حوسێن گژنیکی گوتیشی: "زۆرترین بەرھەمی ترێ لە ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای دھۆکە، ھەموو ناوچەکانی پارێزگای دھۆک ترێی باشی ھەیە، بەڵام بەنێوبانگترینیان ترێی مانگێش و زاوێتەیە، لە پارێزگای دھۆک، ١٢٥ جۆری ترێی خۆماڵی بەرھەم دەھێنرێن، بۆ بەبازاڕکردنی زیاتریشی، ساڵانە پێشانگەی تایبەت بۆ بەرھەمی ترێ و ھەنگوین دەکرێتەوە".