Emre Gürkan Abay
11 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2023
مۆسکۆ – AA
بانکی ناوەندیی رووسیا رایگەیاند، پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کە روبل-ە گەیشتووەتە ئاستی دۆلار و بە رێژەیەکی بەرچاویش بە پێش یورۆ کەوتووەتەوە.
بانکی ناوەندیی رووسیا لە راپۆرتێکدا بیری هێناوەتەوە لە ئایاری ٢٠٢٢ەوە رووسیا دەستی کردووە بە فرۆشتنی غازی سروشتی بەو وڵاتانەی دۆستی رووسیا نین بە روبل.
بەهۆی ئەم هەنگاوەوە هەناردەکردن بە روبل بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە کۆتایی ساڵدا پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە روبل لە سەدا ٣٠ی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستی دۆلار و بە رێژەیەکی بەرچاویش بە پێش یورۆ کەوتووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە بە تێکڕایی پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە دۆلار و یورۆ دابەزیووە بۆ خوار لەسەدا ٥٠، سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە ئەم دۆخە رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر ئەو مەترسییە جۆراوجۆرانەی بەشێوەیەکی گشتی دووچاری بازرگانی دەرەکیی رووسیا بوون.
بانکی ناوەندیی رووسیا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە دراوی نیشتمانیی وڵاتانی دۆست زیادی کردووە.